هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریكا زیادیكردووە


ئیدارەی زانیارییەكانی وزەی ئەمریكی ڕایدەگەیەنێت، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان بەرزبووەتەوە و لە هەفتەی ڕابردوودا گەیشتووەتە 229 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.

ئیدارەكە لە ڕاپۆرتێكیدا دەڵێت، ناوەندی هاوردەی نەوتی خاو لەلایەن ئەمریكاوە لە هەفتەی ڕابردوودا لە حەوت وڵاتەوە گەیشتووەتە 5.251 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە و بە بڕی 12 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بەراورد بە هەفتەی پێشووتری زیادیكردووە كە گەیشتووەتە 5.239 ملیۆن بەرمیل.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمریكا نەوتی خاوی لە عێراق هاوردە كردووە بە ڕێژەی 229 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، ئەمەش زیادبوونە بە بڕی 142 هەزار بەرمیل بەراورد بە هەفتەی پێشتر.

زۆرترین هاوردەی ئەمریكا لە هەفتەی ڕابردوو لە كەنەداوە بووە بە ڕێژەی 3.744 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە، بەدوایدا مەكسیك دێت بە 408 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، سعودیە 316 هەزار بەرمیل، دواتریش ڕوسیا بە بڕی 258 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.

هەر بەپێی ئیدارەی زانیارییەكانی وزە، لە كۆڵۆمبیاوە گەیشتووەتە 154 هەزار بەرمیل، لە نەیجیریاشەوە 142 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بووە.


AM:09:20:11/07/2021




ئه‌م بابه‌ته 246 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌