عێراق یەکێکە لە گەورەترین هاوردەکارانی چەک لە جیهاندا

گۆڤارێکی ئەمریکی کە ئاماری پێنج ساڵی ڕابردووی واڵاتانی جیهانی لە کڕین و هاوردەکردنی چەکدا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند عێراق یەکێکە لە گەورەترین وڵاتانی هاوردەکاری چەک.

گۆڤاری CEOWORLDی ئەمریکی لە ڕاپۆرتی ساڵی 2021یدا بڵاویکردەوە، عێراق لە پلەی 11هەمین وڵاتانی جیهانە لە هاوردەکردنی چەکدا و ڕاشیگەیاندووە، "سعودیە لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا (لە 2016 بۆ 2020) یەکەم گەورەترین هاوردەکاری چەکبووە لە جیهاندا، %11ی بازاڕی جیهانی لەکۆی 40 دەوڵەتی جیهان گرتووە، دوای ئەویش هیندستان دێت کە ڕێژەی %9.5ی بازاڕی جیهانی گرتووە، میسریش پلەی سێیەمی گرتووە بەڕێژەی %5.8”.

بەپێی ئاماری گۆڤارەکە ئوسترالیا لە پلای چوارەم، چین پلەی پێنجەم، جەزائیر پلەی شەشەم و کۆریای باشوور حەوتەم وڵاتانی جیهانن لە هاوردەکردنی چەک لە بازاڕەکانی جیهاندا.

هەروەها قەتەر هەشتەم، ئیمارات نۆیەم و پاکستان دەیەمین وڵاتن، لەدوای ئەوانیش عێراق دێت کە یانزەیەمین گەورە هاوردەکاری چەکە لە جیهاندا بە ڕێژەی %2.5ی گرتنی بازاڕی چەکی جیهان.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ڕێژەی %41ی چەکی هاوردەکراوی عێراق لە ئەمریکاوەیە.

گۆڤارە ئەمریکییەکە ڕاشیگەیاندووە، هاوردەکردنی چەک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێژەی 0.25% گەشەی کردووە، کە زۆرترینیان لەلایەن سعودیەوە بووە و بە ڕێژەی 61% زیادیکردووە.



AM:11:34:20/06/2021




ئه‌م بابه‌ته 223 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌