1350 بنکەی گەشتیاری لەپارێزگای سلێمانی هەیە

ئا: رێژەن سەردار

مه‌‌حمود تۆفیق عه‌زیز، سه‌رۆکی کۆمه‌ڵەی میوانخانه‌و چێشتخانه‌کانی کوردستان - لقی سليمانی کە له‌ساڵی 2005وه‌ مۆڵه‌تی کارکردنی وه‌رگرتووه‌، لەم گفتوگۆیەی "بازرگانی‌و پیشەسازی"دا دەڵێت "282 هۆتێل‌و مۆتێل‌و شوقه‌و کابینه‌ی گه‌شتیاریی له‌ناو‌ شاری سلێمانی هه‌یه‌".   

بازرگانی‌و پیشەسازی: له‌شاری سلێمانی چه‌ند بنکه‌ی گه‌شتیاری هه‌یه‌؟
مه‌‌‌حمود تۆفیق: له‌پارێزگای سلێمانی 1350 بنکه‌ی گه‌شتیاریمان هه‌یه‌، له‌و ژماره‌یه‌ 600 بنکه‌ی خواردنگەو هۆتێلی میللی هەیەو مۆڵه‌ت له‌قایمقامیه‌ت وه‌رده‌گرن‌، 750 بنکەیان گه‌شتیارییه‌و مۆڵه‌ت له‌بەڕێوەبەرایەتی‌ گەشتوگوزار وه‌رده‌گرن‌و بڕوانامه‌ی ئه‌ستێره‌یان هه‌یه‌، 282 هۆتێل‌و مۆتێل‌و شوقه‌و کابینه‌ی گه‌شتیاریی‌و گوندی گەشتیاریی له‌ناو‌ شاری سلێمانی بوونی هه‌یه‌، لەم ژمارەیە 69 میوانخانه‌ی میللی هه‌یه، 54 ریستۆرانتی 5 + 4 ئەستێرە هەیە، ٧ هۆتێلی ٥ ئەستێرە هەیە.

بازرگانی‌و پیشەسازی: ره‌وشی کارکردنی هۆتێل‌و بنکه‌ گه‌شتیارییه‌کان له‌ئێستادا چۆنه؟
مه‌‌‌حمود تۆفیق: به‌هۆی هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆناوه‌، که‌رتی گه‌شتیاریی زیانمه‌ندترین که‌رته‌و گه‌وره‌ترین زەبرو زیانی به‌رکه‌وتووه‌، بەئەندازەیەک کە ته‌نها له‌بۆنه‌کاندا جوڵه‌یه‌ک هه‌یه‌، له‌رۆژنی ئاسایدا ره‌وشی بازاڕ به‌پێی جوگرافیای هۆتیل‌و بنکه‌ گه‌شتیارییه‌کان‌ ده‌گۆڕێت.

بازرگانی‌و پیشەسازی: هۆکار چیه‌ له‌زۆربه‌ی قه‌زاو نا‌حییه‌کانی سنوری پارێزگای سلێمانی‌و هاوینەهەوارەکانی دەرەوەی شاردا هۆتێل بۆ مانەوەو حەوانەوەی گەشتیاران بوونی نیه‌؟
مه‌‌‌حمود تۆفیق: بەداخەوە ئەمە یەکێکە لەگرفتەکان، لەکاتێکدا به‌سه‌دان ده‌وڵه‌مه‌ندو خاوه‌نکار هه‌یه‌ که‌ پاره‌کانیان له‌ماڵه‌وه‌ خه‌وتووه‌، به‌ڵام گه‌شبین نیه‌ بچێت له‌شوێنێکی دڵرفێنی وەک هه‌ورا‌مان هۆتێلێکی گه‌شتیاریی دروست بکات، ئەمە وایکردووە لێره‌ ببێت به‌کلتور گه‌شتیاران وا فێربوون به‌ڕۆژ سه‌ردانی ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌کان بکه‌ن‌و شه‌وان بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو شاری سلێمانی. بێگومان کەرتی گەشتیاریی بەبێ بوونی رێگەوبانی گونجاوو دابینکردنی هۆتێل‌و ریستۆرانت‌و شوێنی حەوانەوەی پێویست گەشەی تەواو ناکات.

بازرگانی‌و پیشەسازی: بۆچی زۆربه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی له‌هۆتێله‌کاندا کار ده‌که‌ن بیانین‌و پشت بەدەستی کاری ناوخۆ نابەسترێت؟
مه‌‌‌حمود تۆفیق: ده‌بێت ئه‌وه‌ش هه‌بێت، زۆربه‌مان سه‌ردانی وڵاتانمان کرده‌وه‌ له‌و وڵاتانه‌ش بەهەمانشێوەیەو رێژەی بەکارهێنانی دەستی کاری بیانی لەئێمە که‌متر نین، هۆکارەکانی زۆرن، هه‌ندێک شوێن هه‌یه‌ تایبه‌تن‌و له‌وانه‌یه‌ ده‌ستی کاری ناوخۆ ئه‌و کاره‌ی بۆ نه‌کرێت، بۆیه‌ ناچارین له‌ وڵاتانه‌وه‌ ستافی بیانی بهێنین.

بازرگانی‌و پیشەسازی: هۆکار چیه‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌کانی کوردستان وه‌ک پێوست خزمه‌تگوزاریی تیا نیه‌؟
مه‌‌‌حمود تۆفیق: ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌کان خزمه‌تگوازرییان بۆ کراوه‌، به‌ڵام وه‌کو پێوست نیه‌و زۆری ماوه‌ بگاتە ئاستی خوازراو، بۆ نمونه‌ ناوچەی هه‌ورامان کە سروشتێکی زۆر جوانی هه‌یه‌، به‌ڵام شوێنێکی وای تیا نییە‌ گه‌شتیاران به‌خێزانی بچن‌و بمێننەوە، خزمه‌تگوازری ته‌والێت بوونی نیه‌و حەیفە ئەو شوێنە جوانە خزمه‌تگوزاریه‌کانی بەو ئەندازەیە لاوازه‌.

بازرگانی‌و پیشەسازی: پێشنیازتان چیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌رتی گه‌شتیاری زیاتر گەشە بکاتو پێشبکه‌وێت؟
مه‌‌‌حمود تۆفیق: ئێمه‌ پێشنیازی زۆرمان داوه‌ته‌ ‌حکومه‌تی هەرێم‌و به‌رده‌وامیشین لەوەی داواکاریی‌و پێشنیازییان ئاڕاستە بکەین، داواکارین له‌حکومه‌تی هه‌رێم رۆتین‌و رسومات که‌م  بکاته‌وه‌، چونکە کاتێک بازرگانێک ده‌یه‌وێت شوێنێکی گه‌شتیاری دابنێت به‌هۆی رۆتینه‌وه‌ 7 مانگ سه‌رقاڵی ده‌که‌ن به‌سه‌ردانکردنی فه‌رمانگه‌کانه‌وه‌. کێشه‌یه‌کی تر رسوماته‌ کە پاره‌یه‌کی زۆر له‌بازرگانان‌و خاوه‌نکاران وه‌رده‌گیرێت، بۆ نمونه‌ من کتابێکم بۆ هاتووه‌ له‌فەرمانگەی کاره‌باوه‌، نرخی کاره‌بای هۆتێل‌و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌کان پێش شه‌ڕی داعش 30 دینار بوو، ئێستا بووه‌ به‌ 150 دینار! ئۆتیل هه‌یه‌ 57 ملیۆن دینار پاره‌ی کاره‌بای بۆ هاتۆته‌وه‌! ئه‌مه‌ بەچی‌و چۆن بدات؟ روسماتی زه‌ریبه‌ زۆره‌، ده‌توانم بڵێم سه‌رجه‌م روسماته‌کان زیادی کردوه‌، لەبەرامبەریشدا بازاڕ زۆر کزه‌.


PM:08:12:11/05/2021




ئه‌م بابه‌ته 311 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌