ڕۆژانە زیاتر لە ١٦٠٠ سەر ئاژەڵی بچوک‌‌و ڕەشەوڵاخ لەسلێمانی سەردەبڕدرێت



بەڕێوەبەری ڤێنتێنەری سلێمانی، د.ئاری سەلاحەدین مەعروف لەم گفتوگۆیەی "بازرگانی‌و پیشەسازی"دا دەڵێت "چەند بازرگانێک داوای مۆڵەتی دروستکردنی پرۆژەی پەرھەمھێنانی ھێلکەیان کردووە لەوەزارەتی کشتوکاڵ، ھیوادارین لەئایندەیەکی نزیکدا دەستبکەن بەدروستکردنی پڕۆژەکانیان".

بازرگانی‌و پیشەسازی: ئەو گۆشتە سورەی ئێستا لەبازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان دەفرۆشرێت لە چ وڵاتێکەوە ھاوردە کراوەو مەرجتان بۆ ھاوردەکردنی چیە؟
د.ئاری: ھەر بازرگانێک بیەوێت گۆشت ھاوردە بکات بۆ ناو ھەرێم، پێوستە بەشێوەیەکی فەرمی مۆڵەتی لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەک ڤێتێنەری‌و تەندروستی ھەبێت، دواتر داواکاری پێشکەش دەکات بەهێنانی ئەو بڕە گۆشتەی کە دەیەوێت ھاوردەی بکات، مەرجە بگونجێت لەگەڵ ئەو بڕەی لیژنەی دیاریکردنی بەروبوم لەپارێزگای سلێمانی ڕێگەی پێئەدات. دوای ئەوە داواکارییەکەی بەرز دەکرێتەوە، پێوستە مۆڵەتی ھەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ‌و بازرگانی ھەبێت بۆ ھاوردەکرنی گۆشت، بەڵام پێوستە ئەو وڵاتەی گۆشتی لێوە ھاوردە دەکرێت ھیچ جۆرە پەتاو نەخۆشیەکی تێدا بڵاونەبوبێتەوە، ھیچ مەترسیەکی وەک نەخۆشییە گوازراوەکان لەسەر ئەو گۆشتە نەبێت کە دەھێنرێت بۆ ھەرێمی کوردستان. دوای ھاوردەکردنی گۆشتەکە لەسەرجەم دەروازە سنورییەکانی ھەرێمی کوردستان‌و فڕۆکەخانەکان پێداچونەوە بەدیکۆمێنتەکانی ھێنانی گۆشتەکە دەکرێت‌و نمونەی لێوەردەگیرێت بەمەبەستی پشکنینی فیزیایی‌و تاقیگەیی، دوای دڵنیابوون لەتەندروستی گۆشتەکە ڕێگەی پێدەدرێت بخرێتە بازاڕەکانەوە.

بازرگانی‌و پیشەسازی: گۆشتی بەستوو لە چ وڵاتێکەوە ھاوردە دەکرێت؟ 
د.ئاری: لەوڵاتانی ئۆکرانیاو بەرازیلەوە گۆشتی بەستو ھاوردە دەکرێت، بەڵام ھاوردەکردنی گۆشتی بەستوو ھەمیشەیی نییە لەبەر ئەوەی ھەندێکجار لەو وڵاتانە نەخۆشی‌و پەتا  بڵاودەبێتەوە، بەگوێرەی سایتی رێکخراوی تەندروستی ئاژەڵی جیھانی ڕێگە نادرێت گۆشت لەو وڵاتەوە ھاوردەبکرێت. لەدەروازە سنوریەکان  بەدواداچون بۆ بەڵگەنامەکانی ھاوردەکردنی گۆشتەکە دەکرێت‌و نمونەی لێوەردەگیرێت تاکو لەتاقیگەکان پشکنینی بۆ دەکرێت، دوای دڵنیا بوون لە تەندروستی گۆشتەکە ڕێگەدەدرێت ھاوردە بکرێت‌و لە ناو شارەکانیش لیژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەت بەدواداچون بۆ شوێنی ھەڵگرتن‌و کۆگا کردنی گۆشتەکە دەکەن کە  دەبێت لەساردکەرەوەدا بێت.

بازرگانی‌و پیشەسازی: ھاوردەکردنی ئاژەڵی زیندو تا چ ئاستێک زیانی بەکەرتی ئاژەڵداری لەکورستان گەیاندوە؟
د.ئاری: لەسنوری  ھەموو پارێزگایەک لیژنەیەکی دیاریکردنی بەروبوم ھەیە، بەسەرپەرشتی قائیمقامی سلێمانی‌و نوێنەری سەرجەم فەرمانگە حکومیەکان‌و نوێنەری کەرتی تایبەت‌و ژووری بارزگانی‌و پیشەسازی سلێمانی، مانگانە کۆبونەوە دەکات بەمەبەستی دیاریکردنی ئەو بڕە گۆشت‌و پەلەوەرەی کە پێوستە ھاوردە بکرێت، ئەویش داوای بەداداچون کردن‌و لێکۆڵینەوە لەبەرھەمی ناوخۆیی، ھەر کاتێک بەرھەمی ناوخۆیی بتوانێت پێداویستی دانیشتوانی پارێزگاکە پڕ بکاتەوە ڕێگە نادرێت بەھێنانی بەروبوم.

بازرگانی‌و پیشەسازی: ڕۆژانە چەند تۆن گۆشتی سور لەسلێمانی دەفرۆشرێت؟
د.ئاری: گۆشتی سور دوو جۆری ھەیە جۆرێکیان گۆشتی خۆماڵییە لەسەربڕینخانەکانی خۆمان سەردەبڕێت کە سەربڕینخانەی قەرەگۆل سەرەکیترینە، ڕۆژانە ٧٠٠ بۆ ٨٠٠ سەر ئاژەڵی بچوک سەردەبڕێت لەگەڵ ١٢٠ سەر ڕەشەوڵاخ، کە گۆشتەکەی دێتەوە ناو شاری سلێمانی بەمەبەستی بەکارھێنان لەدوکانەکانی  گۆشت فرۆشتن‌و مۆڵ‌و ڕیستورانتەکان سەرف دەکرێت، ئەم بڕەش بە گوێرەی وەرزەکان دەگۆڕێت. جۆرەکەی تر گۆشتی سوری بەستوی هاوردەکراوە، کە دوای پشکنین‌و ڕێگەپێدان دەخرێتە بازاڕەوە.

بازرگانی‌و پیشەسازی: کێڵگە پەلەوەریەکان تا چ ڕادەیەک توانیویانە پێویستی ناوخۆ پڕ بکەنەوە؟
د.ئاری: لەسنوری پارێزگای سلێمانی ئەگەر ھەموو کێڵگە پەلەوەرییەکان کار بکەن بەدرێژایێ ساڵ، دەتوانن پێداویستی ناوخۆ پڕبکەنەوەو پێویستمان بە بەرھەمی ھاوردە نابێت، رەنگە بەرھەمەکانیان زیاتریش بێت لەپێداویستی سلێمانی.

بازرگانی‌و پیشەسازی: بەڕێوەبەرایەتی ڤێنتێنەری سلێمانی بەدواداچون دەکات بۆ کێڵگە پەلەوەریەکان‌و لەبارەی بەکارھێنانی ڤاکسین‌و پرۆتین ڕێنمایان دەداتێ؟
د.ئاری: لەعێراق‌و ھەرێمی کوردستان‌و سەرجەم وڵاتانی جیھان چەند نەخۆشیەک ھەیە پێوست دەکات ڤاکسینی بۆ بەکاربھێنرێت، کە بریتین لەنەخۆشیە ڤایرۆسیەکان، کاتێک بڵاودەبنەوە زیانێکی زۆر گەورە لەخاوەن کێڵگە پەلەوەریەکان دەدەن، نەخۆشی وا ھەیە  پێوست دەکات دوو جار ڤاکسینی بۆ بەکاربھێنرێت،  نەخۆشیش ھەیە یەک جار ڤاکسینی بۆ بەکاردێت، بۆیە ھیچ زیادەڕەویەک ناکرێت تیایدا بەپێی پێوست بەکاردێت،  کێڵگە پەلەوەریەکان بەتەواوەتی لەژێر چاودێری لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ھەرێمی کورستاندان‌و بەرھەمێکی پاک‌و تەندروستیان ھەیە بۆیە داوا لەسەرجەم ھاوڵاتیان دەکەم بەرھەمی کێڵگە پەلەوەریەکانی ناوخۆ بەکاربھێنن.

بازرگانی‌و پیشەسازی: سامانی ماسی لە کوردستان لە چ ئاستێکدایە؟
د.ئاری: دانانی پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسی تازەیە لەسنوری پارێزگای سلێمانی، خۆشبەختانە لەئێستادا خەڵکانێکی زۆر بیریان لەوە کردۆتەوە پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسی دابنێن، بەڵام تا ئێستا نەگەشتوەتە ئەوەی پێداوێستی ناوخۆ پڕ بکاتەوە.

بازرگانی‌و پیشەسازی: لەسنوری پارێزگای سلێمانی ھیچ پرۆژەیەکی بەرھەمھێنانی ھێلکە ھەیە؟ 
د.ئاری: تەنھا یەک پڕۆژە ھەیە لەخەلەکان، لەئێستادا چەند بازرگانێک داوای مۆڵەتی دروستکردنی پرۆژەی پەرھەمھێنانی ھێلکەیان کردوە لەوەزارەتی کشتوکاڵ، ھیوادارین لەئایندەیەکی نزیکدا دەستبکەن بەدروستکردنی پڕۆژەکانیان.



AM:11:53:14/04/2021




ئه‌م بابه‌ته 438 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌