دروای بیانی له‌ بانكی ناوه‌ندیی عێراق زیادیكردوه‌


جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق  رایگه‌یاند، دوای بەرزبونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا، یەدەگی بانکی ناوەندیی لە دراوی بیانی 55000000000 (په‌نجا و پێنج ملیار) دۆلاری تێپەڕاندوە.

ئێحسان شەمران جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق رایگه‌یاند، "دوای بەرزبونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا و کەمبونەوەی خواستی خۆجێی لەسەر دۆلار، یەدەگی بانکی ناوەندیی لە دراوی بیانی 55000000000 (په‌نجا و پێنج ملیار) دۆلاری تێپەڕاندوە".
 
لە (تشرینی دوەمی/11) ساڵی رابردو عەبدولھادی سەعداوی ئەندامی لیژنەی دارایی لە په‌رله‌مانی عێراق، ئاشکرایکردبو کە یەدەگی بانکی ناوەندیی لە دراوی بیانی، 51000000000 (په‌نجا و یه‌ك ملیار) دۆلارە.
 
دوای دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا، حکومەتی عێراق لە (کانونی دوەمی/1 ) رابردودا، نرخی دیناری بەرامبەر بە دۆلار دابەزاندبو و ئەو کات بانکی ناوەندیی عێراق نرخی یەک دۆلاری بەرامبەر بە 1460 (ھەزار و چوار سه‌د وشه‌ست) دینار دیاریکردبو.

لە ئێستادا لە بازاڕەکانی گۆڕینەوەی دراودا، کڕینی یەک دۆلار بە 1455 ( ھەزار  وچوارسه‌د و په‌نجا و پێنج ) دینار و فرۆشتنیشی بە 1465 ( ھەزار و چوار سه‌د و شه‌ست و پێنج) دینارە.


PM:09:22:28/02/2021




ئه‌م بابه‌ته 207 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌