١١ بەنداوی دیکە لە هەرێمى کوردستان دروست دەکرێن

بەڕێوەبەری بەنداوەكانی ھەرێمی كوردستان ئاشکرای کرد کە بڕیارە بە بڕی ٣٣ ملیار دینار ١١ بەنداوی دیكە لە ھەرێمی كوردستان دروست بكرێن.

ئەكرەم ئەحمەد بەڕێوەبەری بەنداوەكانی ھەرێمی كوردستان  رایگەیاندووە، بڕیارە ١١ بەنداو لە ناوچە جیاجیاكانی ھەرێمی كوردستان دروست بكرێن و ھەموو ئامادەكارییەک بۆ ئەم مەبەستە كراوە و دیزاینیشیان بۆ كراوە.

ناوبراو روونیکردەوە، ئەو بەنداوانە بە گوژمەی  ٣٣ ملیار دینار ئەو بەنداوانە دروستدەكرێن و لە ئێستاشدا چاوەڕێ دەكەن پارەیان بۆ تەرخان بكرێت و دەست بە جێبەجێكردنیان بكرێت.

بەڕێوەبەری بەنداوەكانی ھەرێمی كوردستان ئاماژەى بەوەشکردوە، جگە لەو ١١بەنداوەش پلان دانراوە و پێشنیازیش كراوە بۆ ئەوەی نۆ بەنداوی گەورەی دیكە لە ھەرێم دروست بكرێن، بەڵام ئەوانە بە ملیاران دۆلاریان پێویستە و بڕیارە لەگەڵ دەستەی وەبەرھێنان و لەلایەن وەبەرھێنەرانەوە ئەو بەنداوانە دروستبكرێن.

هەروەها بەڕێوەبەری بەنداوەكانی ھەرێمی كوردستان باسی لەوەشکردووە، ھەر كاتێک گەیشتنە رێككەوتن دەست بە جێبەجێكردنی ئەو بەنداوانە دەكەن، كە زۆر گەورەن و سوودی زۆریان بۆ ھەرێم دەبێت و تەواوكردنیان بە لایەنی كەمەوە شەش ساڵی پێویستە.

لە ئێستادا لە هەرێمى کوردستان نزیکەى ١٥ بەنداوی گەورەو بچوک لەناوچە جیاوازەکانى هەرێمى کوردستان هەیەو کە بۆ گلدانەوەى ئاوی خواردنەوەو کشتوکاڵی و کارەبا سودیان لێوەردەگیرێت.




PM:03:55:22/01/2021




ئه‌م بابه‌ته 323 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌