وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی دابەزینی نرخی دینارەوە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، لای خۆیانەوە هەوڵدەدەن کاریگەرییە ئەرێنییەکانی دابەزاندنی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار زیاتر بکەن.

وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەمڕۆ 8ی کانوونی دووەم، ڕایگەیاندووە، ” بڕیارە هەفتەی داهاتوو وەزارەتی دارایی کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ ئابوریناسان ئەنجام بدات و لەو کۆبوونەوەیەدا سیاسەتی خۆی بۆ زیادکردنی کاریگەرییە ئەرێنییەکانی دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دەخاتە ڕوو”.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق، ئامانجیان لەم هەوڵە کەمکردنەوەی کاریگەرییە خراپەکانی دابەزینی دینارە بەرامبەر بە دۆلار، لە هەمانکاتدا پارێزگاری لە چینی هەژار و کەمدەرامەتەکان دەکرێت لە عێراقدا.

وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشکردووە، ” دەزانن هەندێک رێکاری پشتیوانی هەن تاکو کاریگەرییە ئەرێنییەکانی ڕێژەی ئاڵوگۆڕ زیاد بکرێن، بۆیە ئەوانیش هەندێک رێکار بۆ زیادکردنی ئەم کاریگەرییە ئەرێنییانە دەگرنە بەر”.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بانکی ناوەندی عێراقی پەیوەستکرد بە دابەزاندنی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی، بەجۆرێک لە ڕەشنوسی پڕۆژەیاسای بودجەدا نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی بە 147  هەزاری دیناری عێراقی جێگیرکراوە، لە کاتێکدا تا ئێستا 100 دۆلار لە بازاڕەکاندا بە 147 هەزار دینار ئاڵوگۆڕی پێناکرێت.


PM:04:37:08/01/2021




ئه‌م بابه‌ته 427 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌