ته‌نها له‌ سنووری سلێمانی زیاتر له‌ هه‌زار كێڵگه‌ی په‌له‌وه‌ری هه‌ن و به‌رده‌وام له‌ زیادبووندان

پرسی ڕێكخستنه‌وه‌ی به‌رهه‌می كێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كان و خستنه‌ بازاڕی به‌رهه‌مه‌كانیان له‌ ڕێی سه‌ربڕخانه‌كانه‌وه‌، یه‌كێكه‌ له‌ پرسه‌ گرنگه‌كان كه‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا كاری له‌سه‌ر ده‌كات. به‌رپرسێكی كشتوكاڵی سلێمانی ددان به‌ كێشه‌كاندا ده‌نێت و پێی وایه‌، زۆرجار كێشه‌ی نرخ و فرۆشتنی مریشك له‌ كوردستان هه‌یه‌، چونكه‌ رێك نه‌خراوه‌ و به‌شێوه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كی ده‌فرۆشرێت.  

له‌ كوردستان هه‌زار و 300 كێڵگه‌ی په‌له‌وه‌ری هه‌ن، به‌ڵام خاوه‌ن كێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كان بۆ هه‌ر یه‌ك كیلۆیه‌ك مریشك له‌ جووچكه‌وه‌ تا پێ ده‌گات بڕی دوو هه‌زار و 100 دینار له‌سه‌ریان ده‌كه‌وێت، به‌ڵام له‌ ساڵێكدا ته‌نیا سێ مانگ خاوه‌ن كێڵگه‌كان له‌ زیاندا نین و مانگه‌كانی تر له‌ زیانی به‌رده‌وامدان، به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی كات یه‌ك كیلۆ مریشك له‌ خوار دوو هه‌زار دیناره‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ بازاڕه‌وه‌.

حوسێن حه‌مه‌كه‌ریم وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕاگه‌یاند، له‌ ڕابردوودا نه‌توانراوه‌ ته‌واوی به‌رهه‌می ئه‌و كێڵگانه‌ له‌ هێلكه‌ و مریشك و جووچكه‌ ڕێك بخرێنه‌وه‌، چه‌ندان كۆسپ و كێشه‌ی زۆر له‌ به‌رده‌م ئه‌و ڕێكخستنه‌دا هه‌یه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ خواستی زیاتر له‌سه‌ر مریشكی زیندوو هه‌یه‌ وه‌ك له‌ مریشكی به‌ستوو، بۆیه‌ خستنه‌ بازاڕی به‌رهه‌مه‌كانی له‌ رێی سه‌ربڕخانه‌كان له‌ ئه‌وله‌ویاتی كاری وه‌زاره‌ته‌كه‌یاندایه‌.

له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێ مریشك له‌ سه‌ربڕخانه‌وه‌ بخرێته‌ بازاڕ

به‌وته‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌، له‌ ته‌واوی پارێزگاكانی هه‌رێم سه‌ربڕخانه‌ هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر ڕێكخستنه‌وه‌یان بۆ بكرێت و ئه‌و دووكانانه‌ی مریشك سه‌ر ده‌بڕن ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌ی ته‌ندروست بیكه‌ن، كاره‌كه‌ ئاسانتر ده‌بێت، وه‌زاره‌ت له‌ به‌رنامه‌یدایه‌ خستنه‌بازاڕی به‌رهه‌می مریشكی كێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كان، له‌ ڕێی سه‌ربڕخانه‌وه‌ بێت.

زیاتر خستیه‌ ڕوو، ئه‌وانه‌ ئیشی كه‌رتی تایبه‌تن و وه‌زاره‌ت ته‌نیا ئه‌ركی ڕێكخستنه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌ و پاڵپشتی ده‌كات، هه‌موو ئه‌مانه‌ هه‌لی كارن بۆ كه‌رتی تایبه‌ت، واته‌ له‌ چوارچێوه‌ی كه‌رتی تایبه‌ت كار بۆ ڕێكخستنه‌وه‌یان ده‌كرێت و مریشك ده‌درێته‌ سه‌ربڕخانه‌كان له‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك بێت.

"له‌ كوردستان زیاتر له‌ هه‌زار و 300 كێڵگه‌ هه‌ن، ئه‌گه‌ر هه‌موو كێڵگه‌كان به‌ توانای خۆیانه‌وه‌ كار بكه‌ن، به‌شی زیاتر له‌ خواستی ناوخۆ ده‌كات و ئه‌گه‌ر سنوورێك بۆ هاورده‌ دابنرێت، ده‌توانرێ ئه‌وه‌ی له‌ پێویستی ناوخۆ زیاتره‌، ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی بكه‌ین" حوسێن حه‌مه‌كه‌ریم وای وت.

له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر له‌ هه‌زار كێڵگه‌ی په‌له‌وه‌ری هه‌ن و به‌رده‌وام له‌ زیادبووندان، توانای به‌رهه‌مهێنانی زیاتر له‌ نۆ ملیۆن جووچكه‌یان هه‌یه‌، سه‌ره‌ڕای كێڵگه‌ نایاساییه‌كان:

كۆی به‌رهه‌می ساڵانه‌ زیاتر له‌ 250 هه‌زار تۆن ده‌بێت، له‌ كاتێكدا خواستی پارێزگاكه‌ له‌ ساڵێكدا بۆ گۆشتی مریشك نزیكه‌ی 70 هه‌زار تۆنه‌.

هاوكات ڕزگار خدر جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كشتوكاڵی پارێزگای سلێمانی،  ڕاگه‌یاند، سیستمی به‌ بازاڕكردن پێوه‌سته‌ به‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و وه‌زاره‌تی بازرگانی بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ته‌واوی لایه‌نه‌ پێوه‌ندیداره‌كان بتوانن بازاڕ بۆ به‌رهه‌می ناوخۆ بدۆزنه‌وه‌.

به‌وته‌ی رزگار خدر، له‌ سێكته‌ری په‌له‌وه‌ر له‌ سلێمانی زۆرترین به‌رهه‌م هه‌یه‌ كه‌ له‌ پێویستی ناوخۆ زیاتره‌، به‌ڵام زۆرجار كێشه‌ی نرخ و فرۆشتنی مریشك هه‌یه‌ كه‌ به‌شێوه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كی ده‌فرۆشرێت.

ئه‌و میكانیزمێك ده‌خاته‌ڕوو و پێی وایه‌، حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێ له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌ت فرۆشتنی مریشك له‌ڕێی سه‌ربڕخانه‌كانه‌وه‌ بخاته‌ بازاڕه‌وه‌، یان له‌ ڕێی قه‌رزی بانكی یان له‌ ڕێی وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ ئه‌م كاره‌ ئه‌نجام بدات.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كشتوكاڵی سلێمانی له‌و پلانه‌ی بۆ كابینه‌ی نۆێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی ناردووه‌، یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی پلانیان بۆ داناوه‌، ئیشپێكردنی سه‌ربڕخانه‌كانه‌.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ نازم جاف جێگری سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی كێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كان له‌ سلێمانی،  ڕاگه‌یاند، خاوه‌ن كێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كان چه‌ند ساڵێكه‌ داوا له‌ حكوومه‌ت و وه‌زاره‌تی پێوه‌ندیدار ده‌كه‌ن هه‌رچی زووه‌ سه‌ربڕخانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان بخرێنه‌ ئیش و به‌رهه‌می كێڵگه‌كان له‌ ڕێی سه‌ربڕخانه‌كانه‌وه‌ وه‌رگیرێته‌وه‌ و بخرێته‌ بازاڕه‌وه‌، چونكه‌ له‌ هه‌رسێ پارێزگای هه‌رێم زیاتر له‌ 10 سه‌ربڕخانه‌ هه‌یه‌.

ئه‌و روونی كرده‌وه‌، "حكوومه‌ت ده‌توانێ له‌ ڕێی سه‌ربڕخانه‌كانه‌وه‌ بۆ هه‌میشه‌ گرفتی كێڵگه‌كان و به‌رهه‌می ناوخۆ چاره‌سه‌ر بكات، بۆ هه‌میشه‌ نرخی مریشكی ناوخۆ دیاری بكات و خاوه‌ن كێڵگه‌كانیش رزگاریان بێت له‌و زیانه‌ به‌رده‌وامه‌ی به‌هۆی دابه‌زینی به‌رده‌وامی نرخی مریشك تووشیان ده‌بێت كه‌ ساڵانه‌ به‌ ده‌یان ملیار دینار زیانی خاوه‌ن كێڵگه‌كانه‌ به‌هۆی دابه‌زینی نرخی مریشك.

جاف هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ش كرد، "نامانه‌وێ به‌رده‌وام نرخی مریشك له‌سه‌ر هاووڵاتی گران بێت، هاوكات به‌وه‌یش خۆشحاڵ نین به‌رده‌وام له‌ زیاندا بین، نرخێك كه‌ بۆ ئێمه‌ و هاووڵاتیش گونجاو بێت باشه‌" 

له‌ ساڵی 2019 خاوه‌ن كێڵگه‌كان 25 ملیار دینار زیانیان كردووه‌ به‌هۆی دابه‌زینی نرخی مریشك، له‌ 2018یش 100 ملیار

"ته‌نیا له‌ ماوه‌ی ساڵی 2019 خاوه‌ن كێڵگه‌كان نزیكه‌ی 25 ملیار دینار زیانیان كردووه‌ به‌هۆی دابه‌زینی نرخی مریشك، له‌ ساڵی 2018 نزیكه‌ی 100 ملیار، هه‌موو ئه‌و زیانانه‌ وایكرد له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوو چه‌ندان خاوه‌ن كێڵگه‌، كێڵگه‌كانیان دابخه‌ن و به‌رهه‌میان نه‌بێت" نازم جاف وای وت.

ئه‌و ره‌خنه‌ له‌ حكوومه‌ت ده‌گرێت به‌وه‌ی هیچ هاوكارییه‌كیان له‌ حكوومه‌ت ناوێت له‌ دابینكردنی سووته‌مه‌نی و عه‌له‌ف و شتی تر، ته‌نیا داوا ده‌كه‌ن به‌ بازاڕكردن بۆ ئه‌وان دابین بكرێ له‌ ڕێی سه‌ربڕخانه‌كانه‌وه‌.

به‌ڵام نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ ئومێدیان به‌ حكوومه‌تی نوێ هه‌یه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تای به‌رنامه‌ی كاره‌كه‌ی باسی له‌ گرنگیدان به‌ به‌رهه‌می ناوخۆ ده‌كرد. دووپاتی كرده‌وه‌ "حكوومه‌ت ده‌توانێ له‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك كاری سه‌ربڕخانه‌كان بداته‌  بازرگان بۆ ئه‌وه‌ی مریشك بكڕنه‌وه‌ و بیخه‌نه‌ بازاڕه‌وه‌، هه‌روه‌ها ڕاگرتنی مۆڵه‌تیش به‌ كردنه‌وه‌ی كێڵگه‌كان ڕابگرێت".


PM:03:01:30/10/2019




ئه‌م بابه‌ته 152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌