جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران سه‌ردانی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلیمانی کرد



به‌مه‌به‌ستی به‌هێزکردنی په‌یوه‌ندییه‌ ئابووری‌و بازرگانییه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران و کونسوڵی ئه‌و وڵاته‌ سه‌ردانی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانیان کرد.

له‌سه‌ره‌تایی کۆبونه‌وه‌که‌دا سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆکی ژوور و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی کارگێری ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی پێشوازیان له‌ شانده‌که‌ کرد و سیروان محه‌مه‌د رایگه‌یاند ''شاری سلێمانی له‌ بواری بازرگانی‌و پیشه‌سازی‌و کشتوکاڵی گه‌شه‌سه‌ندنی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه‌ بینه‌وه‌ له‌ بواری وه‌به‌رهێنانیشدا ‌حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هه‌وڵه‌کانی خستۆته‌ گه‌ر بۆ دووباره‌ کردنه‌وه‌ له‌و پرۆژانه‌ی که‌ له‌ چه‌ند ساڵی داهاتوودا به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ راگیرابوون''.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا ''سلێمانی یه‌کێکه‌ له‌و شارانه‌ی که‌ له‌ کۆنه‌وه‌ په‌یوه‌ندی بازرگانی له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هه‌بووه‌ به‌هۆی ئه‌و ناوچه‌ سنورانه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ هه‌یه‌تی، جه‌ختی له‌وه‌ش کرده‌وه‌  زۆربه‌ی کاڵا و شتومه‌کی ئێرانی له‌ رێگه‌ی ده‌روازه‌ سنووریه‌کانی شاری سلێمانیه‌وه‌ ده‌نێرێت بۆ شاره‌کانی تری کوردستان و باشور و ناوه‌ڕاستی عێراق''.

سه‌رۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی راشیگه‌یاند ''له‌ئێستادا سه‌رقاڵی دروستکردنی پرۆژه‌ی گه‌نجینه‌ین که‌ بریتیە لە ٩٠٠ گەنجینە کە  لەسەر رووبەری ٥٢٢ دۆنم زەوی جێبەجێ دەکرێت، لەئێستاشدا رۆژانە کارکردن تیادا بەردەوامە، کە لەدروستکردنی پرۆژەکەدا هەموو ستاندار و پێوەرێکی جیهانی تێدا ڕەچاو دەکرێت و له‌سه‌دا 40%ی بۆ بواری خۆراک ته‌رخانکراوه‌ زۆربه‌ی ئه‌و بازرگانانه‌ی شاری سلێمانی سودی لێوه‌رده‌گرن که‌ گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌، که‌ کاڵاکان لێره‌وه‌ ده‌نێرێت بۆ شاره‌کانی تری کوردستان و عێراق''.

سیروان محه‌مه‌د، داوای له‌ به‌رپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد، هانی سه‌رمایه‌داران وه‌به‌رهێنه‌رانی ئێرانی بده‌ن کارگه‌کانیان له‌ هه‌رێمی کوردستان دابمه‌زرێنن، داواشی کرد پرۆژه‌ی شارۆچکه‌ پیشه‌سازیه‌کان له‌ نێوان شاری سلێمانی و ئێراندا به‌زوترین کات کاری تێدا بکرێت ده‌ست به‌ دروستکردنی بکرێت که‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا له‌ نێوان عێراق و ئێران بڕیاری له‌سه‌ردراوه‌''.

سه‌رۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی داوای له‌ به‌رپرسانی ئێران کرد له‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌کان کار ئاسانی زیاتر بۆ بازرگانان و خاوه‌نکاران بکه‌ن و سه‌رجه‌م ئه‌و باج و رسوماته‌ زیادانه‌ی وه‌رده‌گیرێت به‌ زوترین کات لایبه‌رن که‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌هۆی به‌هێزکردنی په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌کان و زیادکردنی جوڵه‌ی بازرگانی له‌ نێوان هه‌ردولادا.

لای خۆشیه‌وه‌  غوڵام ره‌زا ئه‌نساری، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران بۆ کاروباری ئابووری رایگه‌یاند ئه‌م کۆبونه‌وه‌یه‌ زۆر گرنگه‌ بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، سلێمانی له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌ کاری بازرگانی له‌گه‌ڵ ئێران ده‌کات ته‌نانه‌ت له‌سه‌رده‌می به‌عس و کاتی جه‌نگه‌کانیشدا په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌کانی نێوانمان به‌رده‌وام بووه‌ نه‌ پچراوه‌، ستایشی رۆڵی سه‌رۆک مام جه‌لالی کرد که‌ ده‌ورێكی گرنگی هه‌بووه‌ له‌ دروستکردن و پته‌وکردنی په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانیه‌کانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هه‌رێمی کوردستاندا هیواشی خواست که‌ په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانیان زیاتر به‌هێزبکرێت، شاری سلێمانی یه‌کێکه‌ له‌و شارانه‌ی که‌ کۆماری ئیسلامی ئێران زۆرترین کاری بازرگانی له‌گه‌ڵ ده‌کات.

ئاماژه‌ئ به‌وه‌شدا سه‌ردانی مه‌رزه‌کانمان کردوه‌ له‌ نزیکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بازرگانان و خاوه‌نکارانی گفتوگۆمان کردوه‌ تاکو ئاشنا بین به‌ کێشه‌ و گرفته‌کان، له‌گه‌ڵ ژووری بازرگانی هه‌وڵی ته‌واو ده‌ده‌ین به‌زوترین کات کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکه‌ین، ده‌مانه‌وه‌ێت کاڵاکان له‌ عێراقیشه‌وه‌ بۆ ئێران هه‌نارده‌ بکرێت، داواکریشین  پارێزگاری سلێمانی هه‌وڵه‌کانی بخاته‌ گه‌ر بۆ به‌ره‌سمی ناساندنی مه‌رزه‌کان.

له‌ به‌شێکی تری کۆبونه‌وه‌که‌دا باس له‌ کێشه‌ی سه‌رافه‌کان کرا که‌ پاره‌ ده‌نێرن بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران  رایگه‌یاند ''داواکارین کاری سه‌ره‌فای به‌شێوه‌یه‌کی یاسایی رێکبخرێت که‌ بانکی ناوه‌ندی ئێران ئاگاداری بێت، بۆ ئه‌وه‌ی کێشه‌ بۆ بازرگانان دروست نه‌بێت له‌ کاتی ‌حه‌واڵه‌کردنی پاره‌دا، داواکریشین لیژنه‌ی دادوه‌ری له‌ نێوان کوردستان و ئێران دروستبکرێت به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ر کردنی ئه‌و کێشه‌و گرفتانه‌ی رووبه‌روی بازرگانانی هه‌ردولادا ده‌بێته‌وه‌ جه‌ختی له‌وه‌ش کرده‌وه‌ ''داواکارم له‌ بازرگانان هیچ کارێکی بازرگانانی به‌ بێ گرێبه‌ست ئه‌نجام نه‌ده‌ن''.

له‌ کۆتاییدا سیروان محه‌مه‌د رایگه‌یاند ''ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی  سلێمانی خاوه‌نی یه‌کێک له‌ بینا گه‌وره‌کانی پێشه‌نگای نێوده‌وڵه‌تییه‌، بۆیه‌ دواکاری کاتێک دیاری بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ساڵانه‌ پێشه‌نگایه‌کی ئێرانی بکرێته‌وه‌ تاکو بتوانن  نمایشی کاڵاکان بکه‌ن و سود به‌ بازرگانانی هه‌ردولا بگه‌یه‌نن''.


AM:11:20:09/10/2019




ئه‌م بابه‌ته 459 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌