نوێنەری حکومەتی هەرێم لەبەلجیکا لەگەڵ شاندی بازرگانی کوردستان کۆبۆوە


شاندی یەکێتی ژوورە بازرگانی‌و پیشەسازییەکانی کوردستان له‌به‌لجیكا، سەردانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان كرد لەو وڵاته‌و لەلایەن دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەرێم پێشوازی کران.


عوسمان فەتاح، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی له‌باره‌ی كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌وڵاتی به‌لجیكا رایگەیاند ''لەکۆبونەوەکەدا نوێنەری حکومەت بەگرنگیەوە باسی لەھاتنی شاندی یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی ھەرێم کرد  بۆ دروستکردنی پەیوەندی بازرگانی‌و کاری ھاوبەش لەنێوان بازرگانانی كوردستان‌و خاوه‌نكارانی به‌لجیكا".


راشیگەیاند "واژۆکردنی پرۆتۆکۆڵی لێکتێگەیشتن‌و بازرگانی هاوبەش لەنێوان ژوورە بازرگانیەکانی کوردستان‌و ژوری بازرگانی هەرێمی ئەنتوێرپ-ی بەلجیکا دەبێتە دەستکەوتێکی گەورە بۆ ھەرێمی کوردستان‌و یەکێتی ژوورە بازرگانیەکان، ده‌بێته‌ مایەی هاندانی کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە تا بێنە ھەرێم‌و کاری بازرگانی ئەنجام بدەن‌و وەبەرهێنان بکەن بەتایبەتی لەکەرتی کشتوکاڵ''.


نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەیەکێتی ئەوروپا، دلاوەر ئاژگەیی کە رۆڵی ھەبووە لەدروستکردنی پەیوەندی بازرگانی‌و سیاسی لەنێوان ھەردوو ھەرێمدا، هاتنی شاندی یەکێتی أوورە بازرگانیەکانی بۆ بەلجیکا بەرز نرخاندو رایگەیاند "ئەم سەردانانە دەبێتە هۆکاری پتەوکردنی پەیوەندیە بازرگانیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان‌و وڵاتی بەلجیکا"‌.


هەروەها عوسمان فەتاح، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا  لە سێھەم رۆژی سه‌ردانه‌كەدا، شاندەکەی ژوورە بازرگانیەکانی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ژووری بازرگانی عێراقی - بەلجیکی له‌ لۆکسەمبۆرگ، قەیسەر حجازین کۆبوونەوەو باسی کاری ھاوبەش‌و بەھێزکردنی پەیوەندیەکانیان کرد.


بڕیاروایە شاندە بازرگانیەکەی ھەرێم لەچەند ڕۆژی داھاتودا ژمارەیەک کۆبونەوەو دیداری دیکە لەگەڵ بەرپرسانی حکومی‌و کۆمپانیا بازرگانیەکانی بەلجیکا ئەنجامبدات.



AM:10:35:27/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 141 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌