هەنجیرى دەڤەری ئاکرێ لە سەرتاسەرى هەرێم و عێراق و چەند وڵاتێکى ئەورووپا خواستى لەسەرە

زیاتر لە ٧٢٠ دۆنم زەوى لە سنووری قەزای ئاکرێ بە داری هەنجیر داچێنراوە و بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى کشتوکاڵ زیاتر لە ٢٤ هەزار دار هەنجیر لە سنوورى قەزاى ئاکرێ بوونى هەیە.

هەنجیرى ئاکرێ تام، بۆن و شێوەى لەگەڵ هەنجیرى شوێنەکانى دیکەى هەرێمى کوردستان و عێراق جیاوازە و هەر ئەمەیش وایکردووە دانیشتوانى عێراق و گەشتیارانى بیانى هەنجیرى ئاکرێ لەگەڵ خۆیاندا بۆ وڵاتەکەیان ببەنەوە.

خاوەن باخى هەنجیر، سوهەیب ئاکرەیی وتى: "هەنجیرى باخەکەمان لە جۆرى ئەحیا بەگە کە یەکێکە لە جۆرەکانى هەنجیرى ئاکرێ، هەموو جۆرە هەنجیرەکانى ئاکرێ تام و بۆنێکى خۆش و شێوەیەکى جیاوازییان هەیە، ئەمەیش بۆ گونجاوى کەشوهەوا و شارەزایی جووتیارەکانمان دەگەڕێتەوە".

ئەو خاوەن باخە سەبەتەیەکى لە دار دروستکراو و گۆچانێکى دار بۆ لێکردنەوەى هەنجیر بەکاردەهێنێت لە هەر داریک چەند هەنجیرێک دەخاتە نێو سەبەتەکەوە و ئاماژەى بەوەشدا کە لە هەفتەیەکدا سێ رۆژ بەیانى زوو بەرهەمى هەنجیرەکانیان دەڕنن.

سوهەیب ئاکرەیی دەڵێت "تام و شێوە تایبەتەکەى هەنجیرى ئاکرێ وایکردووە خواستى زۆرى لەسەر بێت لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان و عێراق و تەنانەت چەند وڵاتێکى ئەورووپاش".

باخەوانانى ئاکرێ ساڵانە دەیان تۆن هەنجیر وشک دەکەنەوە و تاوەکو هاووڵاتییان لە شەوچەرە وەرزى زستاناندا سفرەکانیان پێ بڕازێننەوە، هەروەها مرەباش لە هەنجیر دروست دەکەن.

خالد وەلید فرۆشیارێکى قەزاى ئاکرێ-یە و دەیان سندوق هەنجیرى بۆ کڕیاران خستووەتەڕوو بانگ دەکات هەنجیرى ئاکرێ خۆشترین هەنجیرى ناوچەکە، لەبارەى بازاڕى هەنجیر وتى: "هەنجیرى ئاکرێ تایبەتترین و بەتامترین جۆرى هەنجیرە، هاووڵاتییان لە پارێزگاکانى هەولێر، سلێمانى و هەڵەبجە لە هەرێمى کوردستان و لە پارێزگاکانى بەغدا و مووسڵ هاتوون هەنجیرى ئاکرێ-یان کڕیوە".

دەشڵێت "مانگە نزیکەى ٤٠ تۆن هەنجیر لە ئاکرێ دەفرۆشرێت و بەشێک لە کڕیاران لە وڵاتى فەڕەنسا و ئەڵمانیاوە دێن، بە بەتامترین جۆرى هەنجیر هەژمارى دەکەن".


PM:02:54:20/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 169 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌