بازرگانی ئۆتۆمبێل به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان سه‌ردانی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانیان كرد


ژماره‌یه‌ك بازرگانی ئۆتۆمبێل به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان سه‌ردانی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانیان كرد و  له‌گه‌ڵ سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆكی ژوور كۆبونه‌وه‌.

له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا بازرگانانی ئۆتۆمبێل رایانگه‌یاند ''داواكارین له‌ڕێگای ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانیه‌وه‌ هه‌وڵبدرێت پێداچونه‌وه‌ بۆ ڕێنمایه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ تایبه‌ت به‌ هاورده‌كردنی ئۆتۆمبیلی به‌كارهاتوو كه‌ مافی  بازرگانانی تیدا پێشێل كراوه‌ بكرێت.

بازراگان ئاماژه‌یان به‌وه‌شدا نزیكه‌ی ١٥ هه‌زار ئۆتۆمبێل هاتونه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ كه‌ به‌ رێگای یاسایی داخڵكراون و باج و گومرگیان لێ وه‌رگیراوه‌ له‌ ده‌روازه‌ سنوریه‌كان به‌ڵام ئێستا كێشه‌ی تۆماركردنیان هه‌یه‌ له‌ هاتوچۆی شاره‌كان، به‌مه‌ش  ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ بازرگانان و هاوڵاتیان توشی زیانی گه‌وره‌ بوون.

ئه‌وه‌شیان راگه‌یاند له‌ئێستادا نزیكه‌ی ١٤٠٠ ئۆتومبێل له‌ مه‌رزی باشماخ راگیراون و كێشه‌كه‌یان چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌، جگه‌ له‌مه‌ش برێكی زۆر غه‌رامه‌ دانراوه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ رێكاره‌ یاسایه‌كاندا ناگونجێت.

بازرگانان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ دوای ١-٩-٢٠١٩وه‌ به‌هۆی ناڕونی ئه‌م رێنمایانه‌وه‌ كاری بازرگانی ئۆتمبیل وه‌ستاوه‌ و ئه‌م جۆره‌ بازرگانییه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ خواری عێراق له‌میناكانی به‌سره‌وه‌ هه‌موو جۆره‌ ئۆتومبیلێك هاورده‌ ده‌كرێت.

لای خۆشیه‌وه‌ سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی رایگه‌یاند ''گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كه‌ین و كێشه‌كانتان ده‌گه‌یه‌نێن و هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌ هه‌موو لایه‌ك  میكانیزمی گونجاو بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌و گرفتانه‌ بدۆزینه‌وه‌ كه‌ هاوڵاتیان و بازرگانان لێ سودمه‌ند بن جۆڵه‌ی بازرگانی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ گه‌شه‌كردندا بێت''.


PM:03:35:08/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌