گەنجێکی سلێمانی تەقسیمێکی کارەبایی زیرەک دروستدەکات

ئالان محێدین قوتابی بەشی فیزیای زانکۆی ھەڵەبجەیە، ئەو وەک خۆی دەڵێت لە منداڵییەوە خولیای بواری کارەبایی و کۆمپیوتەر بووە، لەو چوارچێوەیەشدا کۆمەڵێک کار و پڕۆژەی ھەبووە لە سۆفتوێر و ھاردوێر.

دوایین کاری ئالان دروستکردنی تەقسیمێکی کارەبایی زیرەکە کە کۆمەڵێک تایبەتمەندی لەخۆگرتووە.

ئالان محێدین لە بارەی کارەکەی وتی: "جیاوازی ئەم تەقسیمە لەگەڵ تەقسیمێکی ئاسایی ئەوەیە کە ئاساییەکە کارەبای ٢٢٠ ڤۆڵتی پیادا تێپەڕ دەبێت و ھەر سێ پلاکەکەی لە یەک کاتدا کاری دەکرد، بەڵام ئەم تەقسیمە واملێکردووە عەقڵەکەی بە پێنج ڤۆڵتی DC ئیش دەکات و لە رێگەی ئەپڵیکەیشنێکەوە بە کۆنترۆڵ لە رێگەی مۆبایلەوە کار دەکات، ھەروەھا ھەر پلاکێکی بە جیا کار دەکات و کراوە بە پلاکی A , B , C و لەگەڵ داگیرساندن و کوژاندنەوەی بە دەنگ ئاگادارت دەکاتەوە".

ئەو وتی: "تەقسیمەکە کۆمەڵێک تایبەتمەندی تری ھەیە، لەوانەش لەکاتی شەحنکردنەوەی لاپتۆپدا ئەگەر رێژەی شەحنەکەی گەیشتە سەرووی لەسەدا ٩٠ ئەوا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی پلاکەکە دەکوژێتەوە، ھەروەھا کە دابەزی بۆ لەسەدا ١٠ بۆ خۆی پلاکەکە ھەڵدەکاتەوە تا شەحن بکاتەوە، جگە لەوەش وا بەرنامەی کراوە کە ئەگەر ماتۆڕی ئاوی تانکی سەربانی لێدرا بە ھاتنەوەی ئاو کار دەکات و دواتر بە پڕبوونی تانکییەکە پلاکی ماتۆرەکە بۆ خۆی دەکوژێتەوە".

ئالان محێدین ئاماژە بەوەش دەکات، سوودێکی تری تەقسیمەکەی ئەوەیە کە دەتوانرێت کاتی بۆ دابنرێت و بۆ شەحنکردنەوەی ھەر ئامێرێک چەند کاتژمێری بوێت بۆی دیاری بکرێت و دواتر دەکوژێتەوە. ئەو چەند پڕۆژەیەکی تری لە بواری سۆفتوێر ھەیە و باس لەوە دەکات ئەگەر لایەنە بەرپرسەکان ھاوکاری بکەن ئەو پڕۆژانەی سوودی گەورەیان دەبێت بەتایبەت بۆ وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردە.


PM:03:56:06/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 83 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌