برەو بە پیشەسازیی خۆراك دەدرێـت

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە نووسینێكدا لە ئەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، وردەكاری زیاتر لەسەر بڕیارێكی وەزارەتەكەی لەسەر راگرتنی هاوردەكردنی تەماتە خستۆتەڕوو.

زیادەڕۆیی نەكەن
لە نووسینەكەیدا، بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكردوە، بڕیارماندا هاوردەكردنی تەماتە لە دەرەوە بۆ ناو هەرێم قەدەغە بێت، بڕیارەكە كاری پێدەكرێت تا ئەوكاتەی بازاڕی ناوخۆیی هەرێم پێویستی بە هاوردەكردنی بەرهەمی تەماتە دەبێت‌و بڕیاری نوێ دەردەچێت بۆ رێگەپێدان بە هاوردەكردن.

لە بەشێكی تری نوزسینەكەیدا وتوویەتی: «ئێمە لەپێناوی پاراستن‌و پێشخستنی بەروبوومی كشتوكاڵی ناوخۆیی بڕیارەكەمان دا، بە هیواین ئەم بڕیارە هەمووان سوودمەند بكات، چونكە خوازیارین جووتیاران هان بدەین‌و قازانج بكەن، هیواخوازیشین جووتیارانیش تا ئاستی پێویست سوود لە بڕیارەكەمان وەربگرن‌و زیادەڕۆیی نەكەن لە بەرزكردنەوەی نرخی بەرووبوومەكان‌و ناچارمان نەكەن لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندی بەكاربەران دەستبەرداری بڕیارەكەمان بین».

بەگەڕخستنەوەی دوو كارگەی دۆشاوی تەماتە
لەسەر پڕۆژەكانی داهاتووی وەزارەتەكەشی ئەوەی وتووە: «جگە لەو بڕیارەش بە هەموو تواناوە لە هەوڵداین بۆ بەهاناوەچوونی جووتیاران، لەلایەك سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی بەگەڕخستنەوەی دوو كارگەی دۆشاوی تەماتەین لە هەڵەبجەو هەریر، لەلایەكی تریش لەگەڵ چەند لایەنێكی ناوخۆیی‌و دەرەكی لەگفتوگۆداین بۆ دامەزراندنی ژمارەیەك كارگەی لەقتونانی سەوزەو میوەو پەرەپێدانی پیشەسازی خۆراكی».

باج خراوەتەسەر بەرهەمە هاوردەكان
هەر لەبارەی بڕیاری قەدەغەكردنی هێنانی تەماتەوە، حسێن حەمەكەریم وتەبێژی وەزەراتی كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی‌و ماندووبونی جووتیاران، وەزیری كشتوكاڵ بڕیاریداوە لە 1ی ئەیلولی ئەمساڵەوە تا كاتێكی نادیار هاوردەكردنی تەماتە لەدەرەوە قەدەغە بكرێت.
وتیشی: بڕیارەكە لەكاتێكدایە كە بەرهەمی ناوخۆ پێگەیشتوەو لەبەرژەوەندی جووتیارانە بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان، هەركاتێكیش بەرهەمی ناوخۆ كەمبوەوەو نرخی تەماتە گران بوو، ئەوكاتە بۆ پاراستنی مافی بەكاربەر لەبارەی هاوردەكردنی بەرهەمی تەماتەوە بەپێی پێویستی بازاڕ بڕیار دەدەین.
لەبارەی بەرهەمەكانی تریشەوە، رایگەیاند: ئەمساڵ بەپێی ئەو خشتەیەی دانراوە كاری پێدەكرێت كە باج خراوەتەسەر بەرهەمە هاوردەكان، بەڵام بۆ ساڵی داهاتوو ئەگەر بزانرێت بەرهەمی ناوخۆیی پێداویستی بازاڕ پڕ دەكاتەوە، هاوردەكردنی هەموو بەرهەمەكان قەدەغە دەكەن‌و ئەوەشی زیادە بوو لەپێداویستی ناوخۆ بەپیشەسازی دەكرێت.


PM:09:11:27/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 126 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌