سێ مەرزی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران بەفەرمی دەكرێن

ئێران ڕەزامەندی لەسەر بە فەرمیكردنی هەریەك لە مەرزەكانی  شۆشمێ- تەوێڵە و مەرزی پشتە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و مەرزی كێلێ لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەدات.

كاوە عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند، سەرۆكایەتی كۆماری ئیسلامی ئێران بە نوسراوێك لە بەرواری ١٠ی ئابی 2019 ڕەزامەندی لەسەر بەفەرمیكردنی مەرزی  شۆشمێ- تەوێڵە و مەرزی پشتە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و مەرزی كێلێ لە سنووری پارێزگەی سلێمانی دا.

ناوبراو وتی، سەرۆكایەتی كۆماری ئیسلامی ئێران لە نووسراوەكەیان ئەو مەرزانەی وەك مەرزی بازرگانی و گەشتیاری ڕازامەندی لەسەر داوە، دووپاتی كردەوە، هەنگاوی داهاتوو گەیاندنی ئەو ڕەزامەندیەیە بە لایەنی پێوەندیداری عێراقی و دەستەی دەروازە سنوورییەكانی حكوومەتی عێراق.

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی كرد، بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا هەردوو لایەنی عێراقی و ئێرانی كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لەسەر ئەو پرسە ئەنجام بدەین و روونی كردەوە، لە سەردانی ئێمە وەك شاندی پارێزگای هەڵەبجە لە هەفتەی ڕابردوو، لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگای كرماشان لەبارەی كردنەوەی مەرزەكانەوە ئەوەیان پێ ڕاگەیاندین كە سەرۆكایەتی كۆماری ئێران ڕەزامەندی دەربڕیووە بۆ كردنەوەی مەرزی تەوێڵەـ شۆشمێ.

جێی باسە كردنەوەی ئەو مەرزانە گرنگییەكی تایبەتی هەیە لە ڕووی ئابوورییەوە، بەتایبەت بۆ پارێزگای هەڵەبجە كە هەر دوو مەرزی تەوێڵەـ شۆشمێ و مەرزی پشتە دەكەونە سنووری ئەم پارێزگاوە كە تا ئێستە سەرچاوەیەكی ئابووری سەربەخۆی نییە.
 
هاووڵاتییانی پارێزگاكە چەندین ساڵە چاوەڕوانی كردنەوەی مەرزێكی فەرمین كە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری بۆیان ئاسان دەبێت، بەتایبەت مەرزی تەوێڵە كە بە كردنەوەی ئەو مەرزە وێڕای كەوتنەگەڕی جوڵەی ئابووری و خستنە سەركاری دەیان گەنجی ناوچەكە لە هەمان كاتدا هاووڵاتییانی سنووری پارێزگا هەڵەبجە و سنووری پارێزگای كرماشان  هاوتوچۆی گەرموگوڕ دەست پێ دەكات بەهۆی ئەوەی خەڵكی هەردوو ناوچەكە پێوەندی خزمایەتی و كۆمەڵایەتیان لەنێواندا هەیە. 



PM:10:36:17/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 621 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌