كارگه‌ی ئاردی شاره‌زوور كێبه‌ركێی كارگه‌كانی ئێران ده‌كات و هه‌لی كاری بۆ ناوچه‌كه‌ ڕه‌خساندووه‌


كارگه‌ی ئاردی شاره‌زوور له‌ نزیك شارۆكه‌ی سه‌یدسادق، نزیكه‌ی دوو ساڵه‌ كراوه‌ته‌وه‌ و پێوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق هه‌یه‌، گه‌نم له‌ سایلۆكان وه‌رده‌گرێت و ده‌یكات به‌ ئارد و دواتر ده‌درێته‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دابه‌شكردنی خۆراكی سلێمانی بۆ دابه‌شكردن.

دوای ئه‌وه‌ی ساڵی 2014 مۆڵه‌تی كردنه‌وه‌ی كارگه‌كه‌ دراوه‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ی شارۆكه‌ی سه‌یدسادق و له‌سه‌ر ڕێی سه‌ره‌كی سه‌یدسادق - هه‌ڵه‌بجه‌، كارگه‌كه‌ له‌سه‌ر 60 دۆنم زه‌وی دروست كراوه‌ و زه‌وییه‌كه‌یشی كڕاوه‌، كارگه‌كه‌ بڕی تێچووه‌كه‌ی نزیكه‌ی 20 ملیار دیناره‌ و ئامێره‌كانی زۆر پێشكه‌وتوون.

عومه‌ر محه‌مه‌د خاوه‌نی پڕۆژه‌ی كارگه‌ی ئاردی شاره‌زوور،  ڕاگه‌یاند، كارگه‌ی ئاردی شاره‌زوور له‌ كاتێكدا دروست كراوه‌ كه‌ له‌ سنووره‌كه‌ و ده‌وروبه‌ری هیچ كارگه‌یه‌كی ئاردی لێ نه‌بوو، له‌ ڕێی قایمقامی سه‌یدسادقه‌وه‌ داوا له‌ حكوومه‌تی عێراق كرا بۆ كردنه‌وه‌ی كارگه‌كه‌، دواتر وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق پێیان ڕاگه‌یاندین كه‌ مه‌رجی كردنه‌وه‌ی ئه‌و كارگه‌یه‌، ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێ به‌ هه‌میشه‌ و به‌رده‌وام گه‌نم بكات به‌ ئارد بۆ وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق، ئه‌م كارگه‌یه‌ش وه‌ك پردێك وایه‌ بۆ پێوه‌ندی نێوان هه‌ردوولا.

كارگه‌ی ئاردی شاره‌زوور ئێسته‌ نزیكه‌ی 100 هه‌لی كاری له‌ ناوچه‌كه‌ ڕه‌خساندووه‌، هه‌ر له‌ چێشتلێنه‌ر تا ده‌گاته‌ ئه‌ندازیار و به‌شی زۆری كارمه‌ندانی شۆفێری گواستنه‌وه‌ و باركردنن، له‌گه‌ڵ كرێكارانی ناو كارگه‌ كه‌ كاریان باركردنه‌ و مانگانه‌ مووچه‌یان بۆ بڕاوه‌ته‌وه‌.

عومه‌ر ده‌ڵێت، "ڕۆژانه‌ شۆفێره‌كان گه‌نم له‌ سایلۆكان وه‌رده‌گرن و ڕه‌وانه‌ی كارگه‌كه‌ی ده‌كه‌ن، كارگه‌كه‌ ڕۆژانه‌ له‌ توانایدا هه‌یه‌ 500 تۆن گه‌نم بكات به‌ ئارد، به‌ ددانپێدانانی وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق و ئه‌و بڕوانامه‌ی كه‌ پێیان دراوه‌، كارگه‌ی ئاردی شاره‌زوور ڕكابه‌ری و كێبه‌ركێ له‌گه‌ڵ كارگه‌كانی ئارد له‌ ئێران و توركیا ده‌كات و له‌ ڕووی كوالێتی زۆرباشه‌".

هه‌روه‌ها وتی، "به‌پێی ئه‌و گرێبه‌سته‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق هه‌یه‌، بۆ هه‌ر تۆنێك گه‌نم كه‌ ده‌كرێت به‌ ئارد، بڕی 10 دۆلار وه‌رده‌گرین، ته‌نیا كارمان ئه‌وه‌یه‌ گه‌نم له‌ سایلۆكان وه‌ربگرن و بیكه‌ن به‌ ئارد، له‌ ماوه‌ی ته‌نیا یه‌ك مانگدا له‌ توانای كارگه‌كه‌دایه‌ 14 هه‌زار تۆن گه‌نم بكات به‌ ئارد، ئه‌وه‌ش بڕێكی زۆره‌ بۆیه‌ ده‌توانین كێبه‌ركێ بكه‌ن".

نه‌سرین محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری دروستكراوی دانه‌ویڵه‌ له‌ سلێمانی، ڕاگه‌یاند، به‌هۆی كردنه‌وه‌ی سایلۆ له‌ سه‌یدسادق له‌ ڕابردوو، كارگه‌یه‌كی ئاردیش كراوه‌ته‌وه‌ و سوودی بۆ ناوچه‌كه‌ ده‌بێت، چونكه‌ پێشتر كارگه‌ی تێدا نه‌بووه‌، كاتێك سایلۆ له‌ ناوچه‌كه‌ هه‌بوو، كارگه‌ی ئاردیش پێویسته‌، گرنگی ئه‌و كارگه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ پێویستی به‌ ئاشی سلێمانی نابێت، هه‌ر له‌ سایلۆكه‌ گه‌نم وه‌رده‌گرێت و ده‌یكات به‌ ئارد.

ئه‌وه‌شی وت، كارگه‌كان پابه‌ندن به‌وه‌ی هه‌ر كاتێك له‌ سایلۆی ناوچه‌كانیان گه‌نم ته‌واو بوو، ئه‌و شوێنه‌ی وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق بۆیان دیاری ده‌كات ده‌بێ بچن له‌وێ گه‌نم بۆ ئارد بهێنن، كارگه‌كانیش ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی و چاودێری ده‌كرێن بۆ ئه‌و ئارده‌ی كه‌ به‌رهه‌می دێنن.

زیاتر روونی كرده‌وه‌ كه‌ كارگه‌ی ئاردی شاره‌زوور ئامێره‌كانی پێشكه‌وتوون، توانای ئه‌و بڕه‌ی هه‌یه‌ كه‌ بۆی دانراوه‌ و 500 تۆنه‌ بۆ ڕۆژێك، له‌ژێر چاودێری هه‌ر دوو وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق و هه‌رێمی كوردستاندا كار ده‌كات.

لای خۆیه‌وه‌ دیاری ڕه‌فیق قایمقامی سه‌یدسادق،  ڕاگه‌یاند، كارگه‌كه‌ دوو سوودی بۆ ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌، یه‌كه‌م ناوچه‌كه‌ كشتوكاڵییه‌ و سوودی لێ وه‌رگیراوه‌ و ئاردی هاووڵاتییان وه‌ك ساڵانی ڕابردوو دوا ناكه‌وێت، دووه‌م به‌هۆی نزیكی كارگه‌كه‌ له‌ زووترین كاتدا ئارد وه‌رده‌گرن، هه‌روه‌ها له‌ ڕووی هه‌لی كار بۆ ناوچه‌كه‌ تا ئاستێك سوودی هه‌بووه‌، به‌و پێیه‌ی كارگه‌كه‌ زیاتر كۆمپیوته‌رییه‌ و كه‌متر كارمه‌ندی ده‌وێت، به‌ڵام چه‌ندان كه‌س كاری تێدا ده‌كه‌ن.

جگه‌ له‌و كارگه‌یه‌، چه‌ندان كارگه‌ی تر له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌ن به‌تایبه‌تی كارگه‌ی بلۆك، ئه‌وانه‌ هه‌موو له‌ ڕووی هه‌لی كاره‌وه‌ سوودیان بۆ ناوچه‌كه‌ هه‌بووه‌، چه‌ندان پڕۆژه‌ی تر له‌ بواری پیشه‌سازی پێشكه‌ش كراون بۆ كاركردن و هه‌ندێكی له‌ بواری پلاستیك ده‌ستیان به‌ كاركردن كردووه‌. 

شارۆكه‌ی سه‌یدسادق ده‌كه‌وێته‌ دووریی 50 كیلۆمه‌تر له‌ سه‌نته‌ری سلێمانی.



PM:07:13:08/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 323 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌