سلێمانی خۆی بۆ پێشوازیی لەجەژنی قوربان ئامادە دەكات

قائیمقامی سلێمانی دەڵێت هەموو رێوشێنێكی پێویست گیراوەتەبەر "بۆ ئەوەی هاووڵاتیان و گەشتیاران لە بارودۆخێكی ئارامدا پێشوازی لە رۆژانی جەژن بكەن."

ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە 6ی ئابی 2019 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ''بۆ ئەوەی هاوڵاتیان و گەشتیاران لە بارودۆخێكی ئارام و بێ گرفتدا پێشوازی لە جەژنی پیرۆزی قوربان بكەن هەموو ئامادەكارییەكی پێویست كراوە''.

وتیشی "لە رۆژانی پێش جەژن و رۆژانی جەژن هیچ شەقامێك بەڕووی هاتووچۆی شۆفێراندا داناخرێت، بەڵكو تیمەكانی هاتووچۆ هاوكار دەبن بۆ رێكخستنی شەقام و رێگەو بانەكان بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بەبێ گرفت سەردانی هەر شوێنێك بكەن كە دەیانەوێت". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا "لیژنەهاوبەشەكان لە رۆژانی جەژن و پێش جەژندا  بە ئامانجی پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان و رێگری كردن لە هەر جۆرە سەرپێچیەك سەردان و چاودێریكردنیان زیاتر دەكەن بەتایبەت چاودێری وردی شوێنەكانی فرۆشتنی ئاژەڵ دەكەن بۆئەوەی رێگە بگرن لە سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی كوشتارگەكان".

ئاوات محەمەد، ئەوەشی ڕوونكردەوە:" لە بازگەكان و شوێنە گەشتیارییەكانی سلێمانی تیمەكان راسپێردراون هەموو كارئاسانی و هاوكارییەك پێشكەش بە گەشتیاران و ئەو میوانانە بكەن كە روودەكەنە سلێمانی, ووتیشی خاوەنی رێستۆرانت و چێشتخانەكانی سلێمانی ئاگادار كراونەتەوە پێویستە لە رۆژانی جەژنیشدا شوێنەكانیان كراوەبن بەڕووی هاوڵاتیان و گەشتیاراندا و هەر شوێنێك پابەند نەبێت رووبەڕووی سزای یاسایی دەكرێتەوە."

قائیمقامی سلێمانی جەختی لەوەشكردوه‌: "سەرجەم تیمە خزمەتگوزارییەكان و هێزە ئەمینەكان لە رۆژانی جەژندا لە سەنتەری شاری سلێمانی و هەموو شوێنە گشتیەكان لە ئەركدا دەبن بۆ پارێزگاری كردن لە هاوڵاتیان و ئەو گەشتیارانەی كە روو لە پارێزگای سلێمانی دەكەن".



PM:03:28:06/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 48 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌