نۆبەرەی شوتی پێنجوێن پێگەیشت و رەوانەی بازاڕه‌كانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و شارەكانی هەرێم دەكرێت

نۆبەرەی شوتی ئەمساڵی پێنجوێن پێگەیشت كە یەكێكە لەشوتییە بەناوبانگەكانی كوردستان و رەوانەی ناوەڕاست و باشووری عێراق و شارەكانی تری هەرێم دەكرێت.

ئاراس كەریم، خاوەنی شەتڵی شوتی و جووتیار لە شارۆكەی پێنجوێنراگەیاند، دوای ماندووبوونێكی زۆر و خەرجكردنی پارەیەكی زۆر، ئێستە شوتی پێنجوێن كە یەكێكە لەشوتییە بەناوبانگەكانی كوردستان پێگەیشتووە و رۆژانە دەینێرین بۆ عەلوەی شارەكان.

 ئه‌و ده‌ڵێت، ئەمساڵ كێشەی نەبوونی بازاڕ و ساغنەكردنەوەیمان هەیە كە بەشێكی پێوەندی بە هاوردەكردنی شوتی ئێرانی و ناوچەكانی ناوەڕاستی عێراقەوە هەیە و بەوەش رەنج و ماندووبوونمان بەخۆڕایی دەڕوات.

"ساڵانە لەكاتی پێگەیشتنیدان شوتی پێنجوێن رەوانەی ناوەڕاست و باشووری عێراق و شارەكانی هەولێر و سلێمانی و كەركووك دەكرێت".

لای خۆیەوە سەعید نووری ئەندازیاری كشتوكاڵی لە پێنجوێن وتی، ساڵانە پێنجوێن بەهۆی بەپیتی و فراوانی خاكەكەی و لەباری ئاوهەواكەیەوە شوتیەكی زۆری پێدەگات كە بەرهەمەكەی بە زیاتر لە50 تۆن دادەنرێت، بەڵام هەر لەسەرەتای كاركردنی جووتیارانەوە چەند ساڵێكە هاوكاریان ناكرێت و دواتریش كە پێدەگات، شوتی پێنجوێن پارەی پێویست ناكات.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئەم بەرهەمی شوتییە ئەگەر پلانێكی ورد هەبێت لەلایەن حكوومەتەوە، ئەوا دەتوانرێت نەك پێداویستی ناوخۆن، بەڵكو دەتوانرێت رەوانەی دەرەوەی هەرێمیش بكرێت.

شارۆكەی پێنجوێن، نزیكەی 96 كیلۆمەتر لە شاری سلێمانییەوە دوورە و ساڵانە زیاتر لە2000 جووتیاری ناوچەكە سەرقاڵی كاكردن لەزەویە كشتوكاڵیەكانن و چەندان بەرهەمی هاوینەی هەیە كە شوتیەكەی یەكێكە لەبەناوبانگترین بەرهەمە كشتوكاڵییەكان.


PM:05:25:27/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌