سەدەی بیست و یەك و وەرچەرخانی وزەی سەوز


ئاشکرایە، کە ئەم گەشەسەندن و پێشکەوتن و گۆڕان و تەکنەلۆژیا و داهێنانە بەردەوامەی جیهان، هەموو بوارەکانی ژیانی گرتووەتەوە و هەموویشی هەر لەسەر بنەمای پشتبەستن بە بوارە جیاوازەکانی زانستن، بوونی زانست وەکو کۆڵەکەی کارکردن وگۆڕان و بەردەوامی، واتە نەمانەوە لە یەك دۆخ و چەق نەبەستن لە یەك حاڵەت و یەك قۆناغ و یەك ئاستدا.
گۆڕینی ووزەی خۆر بۆ ووزەی کارەبا

سەرەتا تەکنەلۆژیای ئەم بوارە لە وڵاتی ئەڵمانیا داهێنرا، ساڵی 1990 دەستیکرد بە داڕێژانی پرۆژەی پرۆگرامی ( هەزار شانەی سەربان ) وەکو دەسپێکێك بۆ دەستکەوتنی ووزەی خۆر و تا ساڵی 1992 بەردەوام بوو، لەو ماوەیەدا وردەکاری ئەم داهێنانە، گەشەسەندن و پەرەسەندن و گۆڕانی زۆری بەخۆیەوە بینی و پاشان یابان پرۆژەی خۆی پەرە پێدا و هەنگاوی زۆر گەورەی نا و سودی لە پرۆگرامی ئەڵمانی ( هەزار شانەی سەربان ) وەرگرت.

لە ساڵی 1999 وە ئەڵمانیا پرۆگرامی (سەدهەزار شانەی خۆری سەربان) ی داهێنا کە بە پێی یاسای نوێی پاراستنی ژینگەوە و وەکو پاڵپشتێك چ بۆ بەکاربەر و چ بۆ بوژانەوەی دینامیکی بازاڕی نێوخۆ و چ بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر بەکاربردنی ووزەی تەقلیدی، بەشێکی زۆری خەڵك سودمەند بوون لە پرۆژەی ئەم پرۆگرامە، کە بۆ دابین کردن و بەرهەمهێنانی ووزەی کارەبا لە خۆرەوە پەیڕەو دەکرا.

ئەو ووزەیەی کە خۆر تەنها لە یەك کاتژمێردا دەیداتەوە، بەشی پێداویستی هەموو جیهان دەکات لە یەك ساڵدا، وێرای پاکی و نەبوونی زیان بۆ ژینگە بەگشتی، بۆیە بۆ سودوەرگرتن لە بەشێکی ئەم ووزەیە و پاش چەندەها کۆبوونەوە و گفتوگۆ، لە کۆنفڕانسی ژینگەی نێودەوڵەتی لە نۆڤەمبەری ساڵی 2015 دا لە پاریس، سەرۆکی فەڕەنسا و هندستان بە ئامادەبوونی بان کی مۆن سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر ئەوە ڕێکەوتن کە (هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شانەی خۆر) پێکبهێنن، ئەم دنەدان و هاندانەی ئەم دوو سەرۆکە بۆ دروستکردنی ئەم هاوپەیمانیە، زیاتر بۆ پەلکێشکردنی تەکنەلۆژیای مۆدێرن بوو بەرەو وڵاتە بوژاوەکان و جەختکردن بوو لە سەر هاوپێچ کردنی تەکنەلۆژیا و وەبەرهێنان و وڵاتە بوژاوەکان پێکەوە.

ئەو وڵاتانەی دەکەونە نێوان هێڵی ناوقەدی گۆی زەوی و هێڵی پانی پلەی 45 ی باکور و 45 ی باشورەوە، زۆرترین ڕێژەی تیشکی خۆری بەردەکەوێت بەڵام گرفتی تەکنەلوژی و دارایی مەودای ئەوە نادەن کە بە ئاسانی سودی لێ ببینرێ.

هەنگاونان بەرەو بەرهەمهێنانی ووزە لە سەرچاوەکانی ووزەی دوبارەوە، باشترین چارەسەر و ڕێگایە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی گازە زیانبەخشەکان و کەمکردنەوەی قەتیسبوونی گەرمی خۆر لە سەر گۆی زەوی، بەڵام لە ئەوروپا لەبەر ئەوەی وابەستەی ڕێوشوێنی یاسایین و یەکێتی ئەوروپا پێوەر و پێودانگی خۆی هەیە بۆ پرۆژەکان، ئەم داهێنان و بەکاربردنە لەسەرخۆ بووەوە، بەڵام ئەڵمانیا بووە سەنتەری بەرهەمهێنانی شانەکانی خۆر و ناوەندی ئاسیا بووە بازاڕی ئەو شانانەی لە ئەڵمانیا دەهاتە بەرهەم، بۆیە لە ساڵی 2011 وە بازاڕی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ووزەی خۆر بە پشتیوانی تەکنەلۆژیا و بەتایبەت تەکنەلۆژیای ئاڵمانیا، زۆر زیادی کرد و لە ساڵی 2015 دا کۆی ئەو ووزە کارەبایەی لە ووزەی خۆرەوە بەرهەم دەهات گەیشتە 250 ملیار کیلۆوات لە یەك کاتژمێردا ، ئەمەش پتر لە 33% ی ئەو بەرهەمهێنانە بوو لەچاو بەرهەمی ساڵی 2014 دا، نیوەی ئەم بەرهەمە لە وڵاتی چین و ئەمریکا و ئەڵمانیا کە هەر یەکەیان40ملیار کیلۆوات لە یەك کاتژمێردا بەبەرهەم دێنن.

سیستەمی ووزەی خۆر
ووزەی خۆر وەکو ووزەیەکی بەردەست و بێ تێچوو و هەمیشە و سروشتی، بە پاڵپشتی تەکنۆلۆژیای نوێ و بوونی دارایی پێویستەوە، دەتوانێ خزمەتێکی زۆری مرۆڤایەتی بکات، تا ئێستا ئەو سیستەمانەی بەکار دەهێنرێن بۆ قۆرخکردنی گەرمی خۆر و سودوەرگرتن لێی وەکو ووزەیەکی دوبارە بریتین لە :

یەکەم : سیستەمی ووزەی خۆر وەکو گەرمکردنەوە
پێناسەی سیستەمی گەرمی خۆر بریتیە لە گۆڕینی ووزەی خۆر بۆ ووزەی گەرمی و سود وەرگرتن لەو گەرمیە بۆ ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ، پەیڕەوکردنی ئەم سیستەمە سەرەتا دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی هەزار ساڵ پێش زاینی، لەو کاتەدا وەکو سەرچاوەی داگیرسان و گەرمی بەبێ تەکنەلۆژیا و بە شێوازی ساکاری ئەو دەمە توانراوە وەکو سەرچاوەیەکی گەرمی یا بۆ وشکردنەوەی سەوزە و میوە بەکارهێنراوە و بەسود بووە، زانای یۆنانی ئەرخەمیدس یەکێك بووە لەو زانایانەی یەکەم جار تیشکی خۆری وەکو دیاردەیەکی زانستی بۆ پاڵپشتی سوپا لە شەڕدا بەکارهێنا، وە لە سەردەمی کۆنی میسر و ناوچەی میزۆپۆتامیا بەدواداچوونی زۆر کراوە بۆ چۆنیەتی گلدانەوەی خۆر و چڕکردنەوەی بۆ بەرهەمهێنانی گەرمی و ووزە.

دووەم : سیستەمی بەرهەمهێنانی ووزەی کارەبا لە ووزەی خۆر
لە ئێستادا سیستەمی بەرهەمهێنانی ووزەی کارەبا لە ووزەی خۆر سیستەمێکی ژینگەپارێزی پشتبەستوو بە تەکنەلۆژیا و زانستە، بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1912 دا لە وڵاتی میسر بنکەیەکی سەرچاوەی ووزەی خۆر بە بڕی ٥٥ کیلۆوات دامەزراوە، پاشان لەگەڵ پێشکەوتن و پێداویستی و جەختکردنی پارتەکانی ژینگە و گروپەکانی پاراستنی ژینگە بیرۆکەی ئەم بەرهەمهێنانە پەرەی سەندووە، یەکێك لە هاندەر و هۆکارە گرنگەکانی بیرکردنەوە لە ووزەی دوبارە، قەیرانی ووزەی ساڵی 1973 بوو، ئەو کاتەی وڵاتە عەرەبیەکانی هەناردەی نەوت، بۆ پشتیوانی عەرەب و دژ بە ئیسرائیل مانیان لە فرۆشتنی نەوت گرت.

ئەوە زەنگێکی خێرا و هەنوکەیی بوو بۆ گەڕان بەدوای جێگرەوەیەکی بەردەست لە ووزە، لە هۆکارەکانی دیکەش کە بەم دواییە دنەی لەسەر دەکرێت، پاراستی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوایە، بەرهەمهێنانی ووزەی خۆر هیچ جۆرە گازێکی زیانبەخش بۆ قەتیسبوونی گەرمی خۆر وەکو خاشاك دروست ناکات و هیچ زیانێك بۆ ئەتمۆسفیری گۆی زەوی نیە، جگە لەوەی زیادبوونی نرخی نەوت و گاز و ترس لە تەواوبوونی یەدەگی ئەو سامانە سروشتیە و هەڵبەزودابەزی نرخی ووزەی تەقلیدی و ناسەقامگیری باری ئاسایشی گوازتنەوەی ئەو ووزەیە، هەموو پاڵنەر و هاندەری ئەم داهێنانە بوون.

د. مه‌دیحه‌ سۆفی*
*هاوسەرۆکی ڕێکخراوی سەوزی ئەوروپی – کوردستانی


AM:09:41:24/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌