رێگری له‌ ١٥٠ بارهه‌ڵگر ده‌كرێت له‌ مه‌رزی باشماخه‌وه‌ بێنه‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌

به‌شێك له‌ باره‌ ترانزێته‌كانی بازرگانان له‌ مه‌رزی باشماخ راده‌گیرێت و رێگه‌ نادرێت بێته‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی بازرگانانی به‌ دوایی خۆیدا هێناوه‌.

ئه‌مرۆ ١٧ی ته‌موزی ٢٠١٩، ژماره‌یه‌ك له‌ بازرگانانی شاری سلێمانی به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌و گرفته‌كانیان سه‌ردانی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانیان كرد و له‌گه‌ڵ سیروان محه‌مه‌د سه‌رۆكی ژوور كۆبونه‌وه و رایانگه‌یاند ''زیاتر له‌ ١٥٠ بارهه‌ڵگرله‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌دیوی ئێرانی مه‌رزی باشماخه‌وه‌ وه‌سڵی ٥٠دۆلاریان بۆ نه‌كراوه‌ ڕاگیراون و رێگه‌ نادرێت بێته‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌''

له‌م باره‌یه‌وه‌ سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی رایگه‌یاند بازرگانان نیگه‌ران له‌وه‌ی كه‌ باره‌كانیان به‌ بیانوی نه‌بڕینی وه‌سڵی ٥٠ دۆلاری له‌ دیوی ئێرانه‌وه‌ ریگری لێ ده‌كرێت، ئه‌مه‌ مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ سه‌ر ده‌روازه‌ سنووریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌گه‌ر ئه‌م كێشه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت بازرگانان ناچارن رێگای بازرگانی بگۆڕن و له‌ مه‌رزه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشوری عێراقه‌وه‌ كاڵاكانیان هاورده‌ بكه‌ن 

سه‌رۆكی ژوور راشیگه‌یاند ''داواكارم وه‌زیری دارای و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم و پارێزگاری سلێمانی بێنه‌ سه‌ر خه‌ت و كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن تاوكو بازرگانان توشی زه‌ره‌ر و زیانی زیاتر نه‌بن ئه‌گه‌ر به‌ زووترین كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كرێت زیانی گه‌وره‌ به‌ر كه‌رتی ئابووری هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێت كاڵا و شتومه‌ك له‌سه‌ر هاوڵاتیان گران ده‌بێت و بازرگانان ناچارن ده‌بن ڕێره‌وی كاری بازرگانی بگۆڕن''.

لای خۆشیه‌وه‌، ئه‌حمه‌د كه‌لاری، نوێنه‌ری بازرگانانی گه‌رمیان و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی رایگه‌یاند ''له‌ په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌له‌فونیدا له‌گه‌ڵ ئاغای په‌ناهی حه‌ق، به‌رپرسی گومرگی مه‌رزی باشماخ له‌ دیوی ئێران پیانراگه‌یاندین ئه‌و وه‌سڵی ٥٠ دۆلاریه‌ بۆ هیچ بارهه‌ڵگرێك ناكه‌ن و كێشه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌وانه‌وه‌ نیه‌، ده‌بێت له‌ خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پسوڵه‌ی گومرگیان بۆ بكه‌ن و بچنه‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، هه‌ر بارهه‌ڵگرێكیش بگه‌رێته‌وه‌ وه‌سڵی ٥٠ دۆلاری بۆ ناكه‌ین'' .


PM:06:23:17/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 333 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌