جیاواز له‌ ساڵانی رابردوو، هاوڵاتییانی سلێمانی گرنگییه‌كی زۆر به كڕینی پایسكل ده‌ده‌ن


جیاواز له‌ ساڵانی رابردوو، هاووڵاتییان به‌ هه‌موو چین و توێژه‌كانه‌وه‌ گرنگی به‌ پایسكل ده‌ده‌ن، به‌شێك له‌ به‌كارهێنه‌ران بۆ وه‌رزش و شاخه‌وانی به‌كاری ده‌هێنن و به‌شێكی تریش ئه‌و خوێندكارانه‌ن كه‌ ئێسته‌ له‌ پشوودان و كه‌سوكاریان له‌ بری ئامێره‌كانی ته‌كنه‌لۆجیا پایسكلیان بۆ كڕیون. خاوه‌ن پێشانگه‌كانی پایسكلیش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن دوو ساڵه‌ گرنگییه‌كی زۆر به كڕینی پایسكل ده‌درێت.

ئه‌گه‌رچی له‌ كۆنه‌وه‌ پایسكل بوونی هه‌یه‌، به‌ڵام ساڵانێكه‌ به‌هۆی ئامێره‌كانی وه‌ك مۆبایل و ئایپاد و چه‌ند ئامێرێكی تری ئه‌لیكترۆنی, گرنگی به‌ پایسكل نه‌ده‌درا و ئه‌و ئامێرانه‌ جێیان به‌ پایسكل لێژ كردبوو, به‌ جۆرێك دووكانداره‌كان بێئومێد بوون له‌وه‌ی جارێكی تر بازاڕی پایسكل جووڵه‌ی تێ بكه‌وێته‌وه‌، بۆیه‌ زیاتر گرنگییان به‌ پایسكلی منداڵان ده‌دا.

به‌وته‌ی خاوه‌ن پێشانگه‌كانی پایسكل له‌ سلێمانی، ساڵی رابردوو و ئه‌مساڵ به‌تایبه‌تی بازاڕه‌كه‌ پێچه‌وانه‌ بووه‌ته‌وه‌ و هاووڵاتییان دووباره‌ گرنگی به پایسكل ده‌ده‌ن، خه‌ڵكیش ئه‌وه‌یان بۆ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ پایسكل ته‌ندروستتره‌ بۆ منداڵه‌كانیان وه‌ك له‌ ئامێره‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان، هاوكات  وه‌رزشكردنی  به‌ كۆمه‌ڵیش له‌لایه‌ن كه‌سه‌ به‌ته‌مه‌نه‌كانه‌وه‌ گرنگی بۆ پایسكل گێڕاوه‌ته‌وه‌.

ڕێباز كامه‌ران خاوه‌نی پێشانگه‌ی ئه‌میر بۆ پایسكل  راگه‌یاند, ماوه‌ی دوو ساڵ ده‌بێت بازاڕی پایسكل جووڵاوه‌ و ئه‌مساڵ به‌تایبه‌تی له‌ مانگی ئایاره‌وه‌ كه‌ پشووی خوێندنگه‌كان ده‌ستی پێ كردووه‌، به‌ یه‌كجاری بازاڕیان بووژاوه‌ته‌وه‌ و هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ن جارێكی تر وه‌ك ساڵانی پێش هاتنی ئامێره‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان، گرنگی به‌ پایسكل ده‌درێت.

 سه‌ره‌تای هاتنی ئامێره‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان، باوكان و دایكان به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان به‌ منداڵه‌كانیان ده‌دا كه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتوو بن له‌ خوێندن، یه‌كێك له‌ ئامێره‌كانی وه‌ك مۆبایل یان ئایپاد و یان ئێكس بۆكسیان بۆ ده‌كڕن, ئه‌مه‌ به‌خێرایی بڵاو بووه‌وه‌ و بازاڕی پایسكلی سست كرد، به‌ڵام به‌هۆی خێرا پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیا و هاتنی چه‌ندان یاریی جۆراوجۆر كه‌ كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر ته‌ندروستی و لایه‌نی ده‌روونی منداڵان دروست ده‌كرد، بوونی هێڵی ئینته‌رنێت له‌ هه‌موو ماڵێك كه‌ ده‌توانرێ كاری خراپی پێ بكرێت، هه‌موو ئه‌وانه‌ بوونه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی دایكان و باوكان بیر له‌ جێگره‌وه‌ی تر بكه‌نه‌وه‌، ئه‌ویش ته‌نیا پایسكل بوو كه‌ ده‌یتوانی جێی خۆی بگرێته‌وه‌.

ئێسته‌ چه‌ندان جۆر پایسكل له‌ بازاڕه‌كاندا هه‌ن، نرخه‌كان بۆ منداڵی بچووك له‌ 40 هه‌زاره‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات تا ده‌گاته‌ نزیكی 200 دۆلار، بۆ كه‌سانی به‌ته‌مه‌ن و ئه‌وانه‌ی بۆ وه‌رزش به‌كاری ده‌هێنن نرخه‌كه‌یان تا هه‌زار و 200 دۆلار به‌رز ده‌بێته‌وه‌.

وه‌رزشی به‌كۆمه‌ڵ یه‌كێكی تره‌ له‌و هۆكارانه‌ی وایكردووه‌ گرنگی بۆ پایسكل بگه‌ڕێته‌وه‌ و كه‌سانی به‌ته‌مه‌ن و سه‌رووی 40 ساڵیش گرنگی پێ بده‌ن. به‌گوته‌ی خاوه‌ن پێشانگه‌كه‌ وه‌رزشكردنی به‌ كۆمه‌ڵ بازاڕی پایسكلی به‌ جووڵه‌ خستووه‌، چونكه‌ ئێسته‌ ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتی شه‌وانه‌ بۆ وه‌رزشكردن پایسكل به‌كار ده‌هێنن، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌سانی به‌ته‌مه‌ن خواستی زیاتریان له‌سه‌ر پایسكل هه‌بێت.

جگه‌ له‌ كوڕ و پیاوان، كچان و ژنانیش ڕوویان له‌ پایسكلسواری  كردووه‌ و ئه‌وانیش بۆ وه‌زشكردن به‌كاری ده‌هێنن, به‌گوته‌ی ڕێباز ئێسته‌ ڕۆژانه‌ له‌ نێوان 50 بۆ 80 پایسكل له‌ بچووك و گه‌وره‌ ده‌فرۆشن, ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌ ژنان و كچان به‌شێكن له‌و كڕیارانه‌ی كه‌ سه‌ردانیان ده‌كه‌ن، ئه‌وانیش بۆ وه‌رزشكردن پایسكل ده‌كڕن و به‌كاری ده‌هێنن.

پایسكله‌كان زیاتر له‌ چینه‌وه‌ هاورده‌ ده‌كرێن، به‌ڵام به‌گوته‌ی خاوه‌ن پێشانگه‌كان هه‌موویان له‌ جۆری باشن و هاووڵاتی سكاڵایان له‌سه‌ری نییه‌، هه‌ندێ كه‌سیش هه‌ن خواستیان له‌سه‌ر پایسكلی باله‌ هه‌یه‌، بۆ ئه‌وانیش به‌تایبه‌تی هاورده‌ كرێت.

هێمن نیعمه‌ت یه‌كێكی تر له‌ خاوه‌ن پێشانگه‌كانی پایسكل و وتی، پێش چه‌ند ساڵێك ئه‌وه‌ی بۆ منداڵان و خوێندكاران له‌ دوای خوێندن و هاوین ده‌هاته‌ كڕین، ته‌نیا پایسكل بوو، وه‌ك ئێسته‌ ئامێره‌كانی ته‌كنه‌لۆجیا زۆر نه‌بوون، ته‌نیا پایسكل هه‌بوو كه‌ گرنگی پێ ده‌درا، به‌ هاتنی ئه‌و ئامێرانه‌ له‌ گرنگی پایسكلی كه‌م كرده‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر كڕیاری هه‌بوو به‌تایبه‌ت منداڵان.

ئه‌و پێی وایه‌ ئه‌مساڵ بازاڕ جیاوازیی زۆری هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ چوار بۆ پێنج ساڵ پێش ئێسته‌، دووباره‌ بازاڕی پایسكل به‌جووڵه‌ كه‌وتووه‌ و هۆكاره‌كه‌شی بۆ چه‌ند شتێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، یه‌ك له‌وانه‌ باوكان و دایكان نایانه‌وێ منداڵه‌كانیان ئامێره‌ ته‌كنه‌لۆجییه‌كان به‌كار بهێنن. له‌م پێشانگه‌یه‌ ڕۆژانه‌ له‌ نێوان 40 بۆ 60 پایسكل ده‌فرۆشرێت .



PM:02:40:14/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 133 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌