ئێران دراوی ئەلیکترۆنی بیتکۆینی قەدەغە کرد

ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی ڕایگەیاند کە یاریدەدەری بەڕێوبەری بانکی ناوەندی ئێران ناسر حاکیمی دراوە ئەلکترۆنییەکانی بە پارەی ڕەش ناوبردووە و باسی لەوە کردووە بە بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران مامەڵە کردن بە بیتکۆینەوە قەدەغە کراوە.

حاکیمی مەترسیەکانی ئەم جۆرە پارانەی ڕاگەیاند و لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، ” لە ئێراندا کڕین و فرۆشتنی بیتکۆین قەدەغەیە. لەبەرئەوەی بیتکۆین لە ئێراندا بە خێرایی بەرز و نزم دەکات مامەڵە کردن پێوەی مەترسیەکی گەورەی هەیە. بەو هۆیەوە نامانەوێت هاوڵاتیانمان توشی ئەم مەترسیە ببن و نامانەوێت بچنە نێو ئەم یارییەوە”. حەکیمی باسی لەوەش کرد کە وەبەرهێنانی بیتکۆین هەتا ئێستا دەستی پێ نەکراوە.

لەلایەکی ترەوە بەڕێوبەری خانوبەرە و گۆڕینەوەی دراو عەلی موئەیدی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە تارانی پایتەختدا ڕایگەیاند، "هەمو ئاڵوگۆڕێکی بازرگانی لە ڕێگەی بیتکۆینەوە لە ئێراندا ڕاگیراوە. هەرکەسێکیش مامەڵەی پێوە بکات ئەوا ڕووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە.

دوای سەپاندنی سزاکان بەسەر ئێراندا ئاڵوگۆڕکردنی بازرگانی لە ئێران لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە بەهای بیتکۆین لە ئێراندا بەرز ببێتەوە و مامەڵە کردن بە دراوە ئەلیکترۆنیەکانەوە زیاد بکات.

مامەڵە کردن بە دراوە ئەلیکترۆنیەکانی وەک بیتکۆینەوە لە ڕێگەی کۆمپیتەر و مۆبایلەوە ئەنجام دەدرێت. ئەم پارانە ناتوانرێت لە کۆمپیتەر دەربهێنرێن و مامەڵەیان پێوە بکرێت بەڵکو تەنها دراوی ئەلیکترۆنین، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕێگری بە مامەڵە کردنیانەوە بکرێت.


PM:03:40:12/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 171 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌