توركیا بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ وەبەرهێنەراندا دەكات

حكومەتی توركیا بەڕێژەی 100% رووبەری زەوی پێویستی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە ئابوورییەكان تەرخان دەكات و رێژەی (30% – 75%)ی بڕی پارەی تێچوونی پڕۆژەكە بەپێی جۆری پڕۆژەكانیان پێ‌ دەدات‌و لەڕووی تەكنیكیشەوە هەموو ئامێرو كەرەستەو پێداویستیەكانی دامەزراندنی پڕۆژەكانیان بۆ دابین دەكات، لەهەمان كاتیش رێژەی (50%) لەكرێی مانگانەی كارەبای ئاویان بۆ دادەشكێنێت، هەروەها رێژەی (75%) لەكۆی تێچوونی خەرجی بەشداری كردنی بازرگانان‌و وەبەرهێنەران لەكۆنفرانس و وۆركشۆپ‌و پێشانگا ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتیەكانیان دەگرێتە ئەستۆی خۆی.

(50%) لە كرێی مانگانەی كارەباو كرێی مانگانەی ئاو دادەشكێنرێت
عەبدولقادر دەمیر سەرۆكی ژووری بازرگانی پارێزگای باتمان لە توركیا، سەبارەت بەپەرەپێدانی بواری بازرگانی لەم وڵاتەو هاوكاری كردن‌و كارئاسانی كردن بۆ بازرگانان‌و وەبەرهێنەران بۆ دامەزراندنی كارگەو ئەنجامدانی پڕۆژە ئابوورییەكان بەكوردستانی نوێی راگەیاند، كاتێك بازرگانێك یاخود وەبەرهێنەرێك بیەوێت پڕۆژەیەكی ئابووری ئەنجام بدات، دەبێت سەردانی لایەنی پەیوەندیداری حكومەتی توركیا بكات، بۆ ئەم مەبەستەش حكومەت هەموو كارئاسانیەكی بو دەكات لەوانە بەڕێژەی (100%) رووبەری زەوی پێویستی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەكە تەرخان دەكات، هەروەها رێژەی (30% – 75%)ی بڕی پارەی تێچوونی پڕۆژەكەی پێ‌ دەدات بەپێی جۆری پڕۆژەكە، هەروەها لەڕووی تەكنیكیشەوە هەموو ئامێرو كەرەستەو پێداویستیەكانی دامەزراندنی پڕۆژەكەی بۆ دابین دەكات، لەهەمان كاتیشدا رێژەی (50%) لە كرێی مانگانەی كارەباو رێژەی (50%)ی كرێی مانگانەی ئاوی بۆ دادەشكێنێت.

(3) ساڵ مووچەی كارمەندانی پڕۆژەكە دابین دەكات‌
وتیشی: «زۆر جاریش حكومەتی توركیا لەكاتی ئەنجامدانی توێژینەوە بۆ فراوانكردن‌و پێشخستنی پڕۆژە ئابوورییەكانی هاوكاری خاوەن كۆمپانیاو پڕۆژە ئابوورییەكان دەكات، بۆ ئەم مەبەستەش رێژەی (75%) لەكۆی تێچوونی خەرجی بەشداری كردنی بازرگانان‌و وەبەرهێنەران لەكۆنفرانس‌و وۆركشۆپ‌و پێشانگا ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتیەكانیان دەگرێتە ئەستۆی خۆی، هەروەها ناوەندی وەبەرهێنان‌و كارسازی توركیا هەر لەسەرەتای دامەزراندنی پڕۆژەكەوە بۆ ماوەی (3) ساڵ مووچەی كارمەندانی پڕۆژەكە دابین دەكات‌و پارەی باجی دڵنیایی تەندروستی‌و بیمەی كۆمەڵایەتیان بۆ خەرج دەكات، لەهەمان كاتیشدا ژووری پشتیوانی‌و پێشخستنی كارسازی لەتوركیا لەڕێگەی لیژنەی لێكۆڵینەوەی مەیدانی تایبەتەوە یارمەتی خاوەن پڕۆژە ئابوورییەكان دەدات‌و قەرەبووی زەرەرو زیانەكانیان دەكاتەوە ئەوكاتەی كە ئامێرەكانیان لەكار دەكەون یاخود پڕۆژەكانیان رووبەڕووی كارەساتێكی سروشتی دەبنەوە».

(18%)ی بەرهەمەكانی نەوت‌و ئوتۆمبێل‌و ئامێرە میكانیكیەكان‌
راشیگەیاند، لەوڵاتی توركیا سەرەتا حكومەت پڕۆژەی ئابووری‌و كارگە دادەمەزرێنێت، دواتر دەیفرۆشێتەوە بەكەرتی تایبەت‌و خاوەن سەرمایەكان‌و كۆی گشتی داهاتی پڕۆژەكەش بۆ كەرتی تایبەت دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش حكومەت بەڕێژەی (1% – 25%)ی باجی هاوردەكردنی كەرەستەی خاو و شمەك لەهاووڵاتیان‌و خاوەن پڕۆژەكان وەردەگرێت بەشێوەیەك كە رێژەی (1%)ی كەلوپەلی خۆراكی زەروری‌و رێژەی (8%)ی پۆشاك‌و جلوبەرگ‌و رێژەی (18%)ی بەرهەمەكانی نەوت‌و ئوتۆمبێل‌و ئامێرە میكانیكیەكان‌و رێژەی (25%)ی كەلوپەل‌و شمەكی نازەروری دەگرێتەوە.
سەرۆكی ژووری بازرگانی پارێزگای باتمان باسی لەوەشكرد، لەسەرتاسەری توركیا نزیكەی ملیۆنێك‌و (500) هەزار كۆمپانیای بازرگانی هەیەو بەتەنیاش لەپارێزگای باتمان (4) هەزار كۆمپانیای بازرگانی كەرتی تایبەت‌و (74) كۆمەڵگەی پیشەسازی كەرتی تایبەت‌و یەك كۆمپانیای بازرگانی حكومی (كەرتی گشتی) هەیە كە ئەویش كۆمپانیای بازرگانی نیشتیمانی نەوتە.

گرنگی‌و بایەخێكی ئەوتۆی نییە
لەلایەكی تریشەوە، ئۆزگور محەمەد ئۆغڵو سەرۆكی بەشی پیشەسازی بیناسازی‌و بەڕێوەبەری كارگێڕی لەژووری بازرگانی ئامەد، سەبارەت بەبواری وەبەرهێنان لەسێكتەرە ئابوورییەكان لەتوركیا رایگەیاند، لەتوركیا بەشێوەیەكی گشتی وەبەرهێنان لەبواری پیشەسازیی بیناسازی لەپێش هەموو بوارەكانی ترەوەیە، دوابەدوای ئەویش وەبەرهێنان لەبواری گەشتیاری دێت كە بەسەرچاوەیەكی سەرەكی داهاتی توركیا دێت، ئینجا وەبەرهێنانی كەرتی تایبەت لەهەردوو سێكتەری تەندروستی پەروەردە دەگرێتەوە كە ئەمانەش رۆڵێكی گرنگ دەبینن لەبواری پەرەپێدان‌و وەبەرهێنانی ئابووری لەم وڵاتەدا.
وتیشی: «بەڵام وەبەرهێنانی كەرتی تایبەت لەبواری كشتوكاڵ لەتوركیا گرنگی‌و بایەخێكی ئەوتۆی نییە ئەمەش هۆكارەكەی بۆ ئەو رێكەوتن‌و پەیوەندییە سیاسی‌و ئابوورییانەی ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە».

رێگای بەوەبەرهێنەران‌و خاوەن كۆمپانیاكانی كوردستان نەداوە
ئەوەشی روونكردەوە، حكومەتی توركیا هاوكاری‌و كارئاسانییەكی باش بۆ بازرگانان‌و وەبەرهێنەران‌و خاوەن كۆمپانیاكانی وڵاتانی دەرەوە دەكات بۆ ئەوەی بێن لەتوركیا كاری بازرگانی‌و وەبەرهێنانی ئابووری ئەنجام بدەن، لەم رووەشەوە ژمارەیەكی ئێجگار زۆر لەوەبەرهێنەران‌و كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت لەهەریەك لە ئەمریكاو ئەڵمانیاو ئیسرائیل لەتوركیا كاری وەبەرهێنان ئەنجام دەدەن، بەمەش كۆمپانیا ئەمریكیەكان وەبەرهێنان لەبواری تەكنەلۆژیاو ئەلیكترۆنیات‌و كۆمپانیا ئەڵمانیەكانیش وەبەرهێنان لەبواری دروستكردنی ئۆتۆمبێل‌و ئامێرو كەرەستە پیشەسازییەكان‌و كۆمپانیاكانی ئیسرائیلیش وەبەرهێنان لەبواری ئامێرو پێداویستی كشتوكاڵی‌و بەرهەمهێنانی خۆراكی ئەنجام دەدەن، بەڵام تائێستا حكومەتی توركیا بەهیچ شێوەیەك رێگای بەوەبەرهێنەران‌و خاوەن كۆمپانیا بازرگانیەكانی كوردستان نەداوە كە بێن لە توركیا كاری وەبەرهێنانی ئابووریی ئەنجام بدەن.

دوو ملیۆن گەشتیاری ناوخۆیی
ئۆزگور محەمەد ئۆغڵو راشیگەیاند، لەپارێزگای ئامەد بواری گەشتوگوزار پێشكەوتنێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بۆ ئەم مەبەستەش ساڵانە ملیۆنێك‌و (500) هەزار گەشتیاری بیانی‌و دوو ملیۆن گەشتیاری ناوخۆیی سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی سنووری پارێزگای ئامەد دەكەن، هەروەها لەسەرتاسەری توركیا سێ كۆمپانیای بواری گەیاندن‌و پەیوەندیكردن كاری خۆیان ئەنجام دەدەن كە ئەوانیش (تورك سال – تورك تلیكۆم – فۆدافۆن) دەگرێتەوە.
 
كوردستانی نوێ


PM:01:02:27/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 225 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌