بەرزی نرخی هێلكە لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوامی هه‌یه‌

ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە قەیرانی كەمی و گرانی نرخی هێلكە لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان سەری هەڵداوە، ئەوەش بە هۆی جێبەجێكردنی بڕیارێكی حكوومەتی عێراق، بە قەدەغەكردنی هاوردەكردنی هێلكە لە دەروازە سنوورییەكانەوە بەپاساوی ئەوەی كە بەرهەمی ناوخۆیی بەشی پێداویستی هاووڵاتییان دەكات.

دوای ئەو بڕیارە نرخی هێلكە لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا بە شێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەوە، بە شێوەیەك نرخی یەك كارتۆن هێلكە بۆ دوو هێندە زیاتر بەرز بووەتەوە.

نوری محەمەد ماوەیەكی زۆرە كاری كڕین و فرۆشتنی هێلكە دەكات لەناو بازاڕی شاری سلێمانی، ئەو بە نیگەرانییەوە باس لە قەیرانەكە دەكات و ئاماژە بەوەش دەكات ئەگەر دەستێوەردان نەبێت نرخ وەك خۆی لێدێتەوە.

نوری محەمەد وتی: "پێشتر و لە مانگی رەمەزاندا یەك كارتۆن هێلكەمان بە 23 هەزار دینار دەكڕی و هەندێكجار نرخ زیادی بكردایە دەگەیشتە 26 هەزار و بە دوو هەزار دینار خێر دەمانفرۆشتەوە، بەڵام بە هۆی ئەو بڕیارەی حكوومەتی عێراقەوە ئێستا نرخی یەك كارتۆن گەیشتووەتە 56 هەزار تا 62 هەزار دینار". 

ئەو وتی: "هەندێك كەس بەرژەوەندییان لە گرانبوونی نرخی هێلكە هەیە و لێناگەڕێن بازرگانان هێلكە لە توركیاوە هاوردە بكەن، ئەگەر دەستێوەردان نەبێت و رێگای هێنانی هێلكە بدەن ئەوكات نرخ وەك خۆی ئاسایی دەبێتەوە، هەروەها ناكرێت حكوومەت بڕیارێك بدات و لە ناوخۆش توانای دابینكردنی جێگرەوەیەكی نەبێت". 

ئەو كاسبكارە دەڵێت لە میانی چەند ساڵی رابردوو یەكەمجارە نرخی هێلكە بەو شێوەیە بەرز دەبێتەوە، ئەوەش بە زیان بۆسەر كاسبكاران و هاووڵاتییان دەشكێتەوە و كاریگەری لەسەر بازاڕ كردووە. 

ماوەی زیاتر لە مانگێكە بە بڕیارێكی حكوومەتی عێراق، هاوردەی هێلكە بۆ عێراق راگیراوە و هەرێمی كوردستانیش بە هۆی یەكخستنی پێناسی گومرکییەوە پابەندی بڕیارەكەی حكوومەتی عێراق بووە، ئەمەش نرخی هێلكەی لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا بەرزكردووەتەوە و كاریگەری بڕیارەكەش لەسەر سلێمانی زیاترە. 

راوێژكاری كشتوكاڵی لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، وەسفی خەلیل لەو بارەیەوە وتی: "بڕیارەكە لە بەغداوە دەرچووە و زیاتر لە مانگێكە خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، هەرێمی كوردستانیش دوای ئەوەی لەگەڵ بەغدا رێکكەوتن لەسەر یەكخستنی پێناسی گومرکی كرا، ناچاری دەكات هەر بڕیارێك لە بەغداوە دەربچێت جێبەجێی بكات". 

وەسفی خەلیل وتی: "هەرێمی كوردستان بەرهەمی پەلەوەری خۆی هەیە و توانای دابینكردنی پێداویستی بەشی ناوخۆی هەیە، بەجۆرێك لە ساڵێكدا لە هەرێمی كوردستان توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە 850 ملیۆن هێلكەی هەیە. لە كاتێكدا پێداویستی ناوخۆی هەرێم 650 ملیۆن هێلكەیە، بەڵام بە هۆی گرێبەستی خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان لەگەڵ شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەشی زۆری ئەو هێلكەیە هەناردەی ئەو ناوچانە دەكرێت". 

لە هەرێمی كوردستان ١١ پڕۆژە بۆ بەرهەمهێنانی هێلكە هەیە، یەك پڕۆژەیان لە شاری دهۆك و ئەوانی دیكە لە شاری هەولێرن و لە سلێمانی هیچ پڕۆژەیەك نییە، بەڵام وەك بەرپرسانی وەزارەتی كشتوكاڵ ئاماژەیان پێكردووە لەو پڕۆژانە شەش پڕۆژەیان لە كاركردن وەستاون. 

راوێژكارەكەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەڵێت "ئەم قەیرانەی ئێستا زیاتر لەسەر سلێمانی رەنگی داوەتەوە، بە هۆی ئەوەی تا ئێستا لەم سنوورە هیچ پڕۆژەیەكی پەلەوەری بەرهەمهێنانی هێلكە نەكراوەتەوە، پێشتریش بەتەواوەنی پشت بە هێلكەی سپی توركی بەستراوە، بۆیە كە بڕیاری قەدەغەكردنی هێلكە درا رەنگدانەوەی لەسەر سلێمانی زۆرتر بووە". 



PM:10:54:25/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌