نرخی نەوتی خاو بە جێگیری مایه‌وه‌


نیگەرانیەكان سەبارەت بە پاشەكشەكردنی نەوتی خاوی جیهانی، لەگەڵ گرژیی و ئاڵۆزیەكانی ئەمریكا-ئێران، بوەهۆی ئەوەی نرخی نەوتی خاو بە جێگیری بمێنێتەوە.

پاش ئەو بەرزبونەوە بەرچاوەی لە دوو هەفتەی رابردودا لە نرخەكانی نەوتدا تۆماركرا، دوێنێ دوشەممە نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا بە جێگیری مایەوە.

بەپێی پێگەی بلومبێرگ، نرخی نەوتی خاوی برێنت 28 سەنت و بە رێژەی لەسەدا 0.43 دابەزیوە و نرخی یەك بەرمیل لەو بەرهەمە لە 64.58 دۆلاردا جێگیربوە.

هاوكات نەوتی خاوی تەكساسی رۆژئاوای ئەمریكا 35 سەنت و رێژەی لەسەدا 0.60 لە نرخەكەی دابەزیوە و بەو پێیەش، نرخی یەك بەرمیل لەو بەرهەمە لە 57.55 دۆلاردا جێگیربوە.

هەفتەی رابردو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكان رایگەیاند، "بڕیاربوە هێرشبكەینە سەر سێ ناوچەی جیاواز لە ئێران، بەڵام چەند خولەكێك پێش ئەنجامدانی هێرشەكە ئەو بڕیارەم هەڵوەشاندەوە".

ئەو وتانەی ترەمپ بوە هۆی ئەوەی دەستبەجێ نرخەكانی نەوت بە رێژەی لەسەدا پێنج بەرزبێتەوە و دواتریش پێگە ئابوریەكانی جیهان رایانگەیاند، "گرژیی و ئاڵۆزیەكانی نێوان ئەمریكا و ئێرن بوەتە هۆی ئەوەی لەم هەفتەیەدا نرخەكانی نەوت رۆژ لە دوای رۆژ بەرزبوەنەوە بەخۆوە ببینێت".


AM:09:57:25/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 186 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌