یاری په‌بجی بازاڕی یارییه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كانی كوشتووه‌

ساڵانه‌ سێ مانگی پشووی قوتابخانه‌كان وه‌رزی كاری یارییه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كانه‌ و هه‌رچی ئامێری یاری هه‌یه‌ له‌و سێ مانگه‌دا ساغ ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مساڵ یاریی "په‌بجی" یارییه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كانی بێ نرخ كردوون و فرۆشیانی بۆ زیاتر له‌ نیوه‌ دابه‌زاندووه‌.

ساڵانه‌ له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی ده‌وام و داخستنی ده‌رگه‌ی قوتابخانه‌كان، جووڵه‌ ده‌كه‌وێته‌ بازاڕی یارییه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كانه‌وه‌، قوتابیان ته‌نانه‌ت ڕۆژێكیشی لێ به‌سه‌ره‌وه‌ ناچن و دوای قوتابخانه‌، له‌گه‌ڵ گه‌وره‌كانیان ڕوو له‌ بازاڕی یارییه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان ده‌كه‌ن، به‌هۆی داخوازیی زۆره‌وه‌، له‌ زۆربه‌ی شاره‌كان بازاڕی تایبه‌ت به‌و یارییه‌ ئه‌لیكترۆنییانه‌ هه‌ن و بازاڕه‌كه‌ی هه‌ولێر له‌ نهۆمی خواره‌وه‌ی بازاڕگه‌ی نیشتمان هه‌ڵكه‌وتووه‌، ئێسته‌ كه‌ ده‌رگه‌ی قوتابخانه‌كان داخراون، كاتێك سه‌ر به‌و بازاڕه‌دا ده‌كه‌ی، كه‌سانێك له‌ ڕێڕه‌وه‌كه‌دا دێن و ده‌چن و هه‌ندێكیش له‌و دووكان بۆ ئه‌و دووكان سه‌ره‌تاتكێیانه‌، له‌ دووكانه‌كاندا جۆره‌ها ئامێر به‌ مۆدیلی كۆن و نوێوه‌ هه‌ن، خۆ له‌ دووكانی سیدیفرۆشان له‌به‌ر زۆری و جۆراوجۆری یارییه‌كان سه‌رت ده‌سوڕمێ، له‌و بازاڕه‌ ئامێره‌كانی یاری ئێكسبۆكس، پله‌یسته‌یشن، سیگا هه‌ن، كه‌ هه‌رزانترینیان 15 هه‌زار دینار و گرانترینی ٣٥٠ دۆلاره‌، سیدییه‌ نوێكانیش نزیكه‌ی ٥٥ دۆلاری ئه‌مه‌ریكییه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌رهه‌می ده‌ره‌وه‌ن، به‌ڵام بژێوی چه‌ندان خێزانی ناوخۆ دابین ده‌كه‌ن، ئه‌و كاره‌ جیاواز له‌ كار و پیشه‌كانی تر، كارێكی وه‌رزییه‌ و دووكانداران له‌ ساڵێكدا ته‌نیا سێ مانگ بازاڕیان گه‌رمه‌ و نۆ مانگه‌كه‌ی تر نه‌ك كاڵاكان كه‌س له‌ حاڵی خۆشیان ناپرسێت، جاران فرۆشی ئه‌و سێ مانگه‌ كه‌ به‌شی ساڵێكی پێ ده‌دان، ئه‌مساڵ په‌بجی بووه‌ته‌ به‌ڵای گیرفانیان.

كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی یارییه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان كه‌ ساڵانه‌ ئامێری مۆدیلی نوێ به‌ كوالێتی به‌رزتر ده‌خه‌نه‌ بازاڕه‌وه‌، زۆریان بۆ كڕینیان له‌و بازاڕه‌ن و هه‌شیانه‌ ئامێره‌كه‌ی خۆی هێناوه‌ چالاكی بكاته‌وه‌، ئاری 10 ساڵان و باوكی له‌و بازاڕه‌ن، ئه‌و كه‌ به‌سه‌ركه‌وتوویی قۆناغێكی قوتابخانه‌ی بڕیوه‌، دوا مۆدیلی یارییه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كانی به‌ باوكی كڕیوه‌ و به‌دوای سیدی نوێوه‌یه‌، باوكی ده‌ڵێ "به‌ڵێنم پێ دابوو كه‌ ده‌رچوو پله‌یسته‌یشنی بۆ بكڕم و به‌و هیوایه‌م به‌هۆیه‌وه‌ له‌ یاریی په‌بجی دوور بكه‌وێته‌وه‌".

ئه‌مساڵ له‌ بازاڕه‌كه‌ كڕیارانی هاوشێوه‌ی ئاری كه‌مه‌ و دووكانداران گله‌یی بێبازاڕیان ده‌كه‌ن، دووكاندار كارزان محه‌مه‌د باس له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ ساڵان له‌و كاتانه‌دا بازاڕیان به‌رنه‌كه‌وتووه‌ و بواری وه‌ڵامدانه‌وه‌ی كڕیاریان نه‌بووه‌، به‌ڵام ده‌ڵێ "بازاڕمان باش نییه‌ و به‌ به‌راوردی ساڵان، 80% كه‌می كردووه‌ و نرخه‌كانیش هه‌رزان بوونه‌"، له‌ به‌رانبه‌ری ئه‌و كه‌یفی كه‌مال ده‌ڵێ "ساڵانی شه‌ڕی داعش بازاڕ زۆر له‌ ئێسته‌ باشتر بووه‌، جاران كه‌ ڕۆژانه‌ 30 ئامێر ده‌فرۆشرا، ئێسته‌ چوار دانه‌ نافرۆشرێت"، ساری له‌ پێشانگه‌ی سامی ده‌ڵێ "كارمان خێری نه‌ماوه‌ و ته‌نیا پاره‌ گۆڕینه‌وه‌ ده‌كه‌ین".

له‌و بازاڕه‌ محه‌مه‌د سالاری دووكاندار كه‌ ئامێری یارییه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان و كارتی په‌بجی ده‌فرۆشێت، ده‌ڵێ "به‌هۆی په‌بجییه‌وه‌ بازاڕ زۆر خراپ بووه‌ و ئه‌مساڵ چاككردنه‌وه‌ی ئامێره‌ كۆنه‌كان له‌ فرۆشتن زیاتره‌"، ئه‌و كه‌ ساڵان زیاتر له‌ 10 ئامێری فرۆشتووه‌، ئێسته‌ ڕۆژانه‌ دوو دانه‌ نافرۆشێت. محه‌مه‌د سه‌رداریش ده‌ڵێ "فرۆش باش نییه‌ و په‌بجی كاره‌كه‌ی نه‌هێشتووین".

كه‌می خواستی یارییه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان كه‌ به‌ گشتی دووكانداران "په‌بجی" به‌ هۆكاری سه‌ره‌كی ده‌زانن، نرخه‌كانی دابه‌زاندووه‌ و به‌گوته‌ی دووكانداران، "پله‌یسته‌یشن چوار پار به‌ 310 دۆلار بووه‌ و ئێسته‌ به‌ 230 دۆلاره‌، ئێكس بۆكس پار به‌ 160 هه‌زار بووه‌ و ئێسته‌ نرخه‌كه‌ی 100 هه‌زار دیناره‌". 

له‌گه‌ڵ فرۆشیاران، كاری وه‌ستاكانیش كه‌مه‌ و زانا ئه‌بابه‌كر له‌و بازاڕه‌ كاری چاككردنه‌وه‌ی ئامێری یارییه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان ده‌كات و ده‌ڵێ، "له‌گه‌ڵ نه‌مانی قوتابخانه‌كان بازاڕمان جووڵه‌یه‌كی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ ساڵان كه‌متره‌". ئه‌و ساڵان كه‌ ڕۆژانه‌ 20 ئامێری بۆ هاتووه‌، ئه‌مساڵ چوار دانه‌یه‌ك چاك ده‌كاته‌وه‌. ئیبراهیم سالار وه‌ستای چاككردنه‌وه‌ ده‌ڵێ "بازاڕ وه‌ك ساڵان نییه‌ و په‌بجی هۆكاره‌". وه‌ستا بڕوا وشیاریش كه‌ گله‌یی له‌ بازاڕی ئه‌مساڵ هه‌یه‌ ده‌ڵێ "له‌ ماڵه‌وه‌ دوا مۆدیلی ئه‌تاریمان هه‌یه‌، كه‌چی براكه‌م په‌بجی ده‌كات".

له‌و بازاڕه‌ دووكانی تایبه‌ت به‌ سیدی یارییه‌كانیش هه‌ن و عه‌لی كه‌مال له‌ پێشانگه‌ی فرمێسكی نوێ كه‌ سیدی به‌ تاك و كۆ ده‌فرۆشێت، ده‌ڵێ "ئه‌و بازاڕه‌ نییه‌ كه‌ چاوه‌ڕێمان ده‌كرد، جاران كه‌ به‌لای كه‌مه‌وه‌ ملیۆنێك دینار فرۆشمان بووه‌، ئێسته‌ 200 هه‌زار نافرۆشرێت و په‌بجی بازاڕه‌كه‌ی كوشتووه‌".

دووكانداران كه‌ ساڵانه‌ چاوه‌ڕێی پشووی قوتابخانه‌كانن كه‌ له‌ مانگی حوزه‌یرانه‌وه‌ تا نیوه‌ی مانگی ئه‌یلووله‌ و به‌پێی ئاماری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، له‌ ساڵی خوێندنی 2018-2019 ملیۆنێك و 291 هه‌زار و 380 قوتابی ناكۆتاكان و نزیكه‌ی 235 هه‌زار قوتابی قۆناغی كۆتاكان دوای تاقیكردنه‌وه‌ی كۆتایی ساڵ پشوویانه‌.

بازرگان و دووكاندارانی یارییه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان، به‌ر له‌ هاتنی پشووی قوتابخانه‌كان، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ئامێر و سیدی یارییه‌ جۆراوجۆره‌كان ده‌هێنن و به‌ ئومێدی ئه‌وه‌ی له‌و سێ مانگی پشووه‌دا، نانی نۆ مانگی ده‌وامی لێ وه‌چه‌نگ بخه‌ن، به‌ڵام ئه‌مساڵ یاری ئۆنلاینی "په‌بجی"، بازاڕی ئه‌وانی له‌ نیوه‌ كه‌متر كردووه‌ و یارییه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان كه‌ ته‌نیا له‌ وه‌رزی پشوودا له‌ ماڵه‌كان ده‌هێنرێنه‌ ده‌ره‌وه‌، "په‌بجی" به‌رده‌وام له‌ مۆبایله‌كانیاندا به‌رده‌سته‌ و زۆر قوتابیشی ڕه‌نج به‌خه‌سار كردووه‌.

پله‌یسته‌یشن چوار پار به‌ 310 دۆلار بووه‌ و ئێسته‌ به‌ 230 دۆلاره‌، ئێكس بۆكس پار به‌ 160 هه‌زار بووه‌ و ئێسته‌ نرخه‌كه‌ی 100 هه‌زار دیناره‌.


PM:05:01:23/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 94 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌