شاره‌وانی سلێمانی كاتی چاككردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌كان دیاری ده‌كات

چاككردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌ شه‌قامه‌كانی شاری سلێمانی قه‌ره‌باڵغی دروستكردووه‌، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی شۆفێرانی لێكه‌وتۆته‌وه‌ و پێشنیار ده‌كه‌ن چاككردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌كان له‌ شه‌واندا بكرێت، لێپرسراوی پڕۆژه‌كانی شاره‌وانیش رایده‌گه‌یه‌نێت، ناتوانین له‌ شه‌واندا كاره‌كانمان بكه‌ین چونكه‌ پێویستمان به‌ رووناكی و تیشكی خۆره‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌بوبه‌كر ته‌یب لێپرسراوی پڕۆژه‌كانی شاره‌وانی سلێمانی به‌ PUKmediaی راگه‌یاند: به‌مه‌به‌ستی ئاسانكاری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و فه‌رمانبه‌ران، هه‌وڵمانداوه‌ كاری نوێكردنه‌وه‌ و چاككردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌كان له‌ سه‌عات 9 ی به‌یانی تا سه‌عات 1ی نیوه‌ڕۆ ئه‌نجامبده‌ین، چونكه‌ له‌و كاتانه‌دا فه‌رمانبه‌ران ده‌چنه‌ سه‌ر كاره‌كانیان و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌.

وتیشی: به‌هۆی تیژڕه‌وی زۆر و قه‌ره‌باڵغی شه‌قامه‌كان ناتوانین له‌ شه‌واندا كاره‌كانمان ئه‌نجامبده‌ین، جگه‌ له‌وه‌ش بۆ نوێكردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌كان پێویستمان به‌ رووناكی زۆر و تیشكی خۆره‌.

ساڵانه‌ دوای ته‌واو بوونی وه‌رزی بارانبارین چاككردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌كانی ناو شار له‌لایه‌ن شاره‌وانی سلێمانییه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات و ماوه‌ی چه‌ند مانگێك به‌رده‌وام ده‌بێت، له‌و ماوه‌یه‌شدا هه‌وڵ ده‌درێت سه‌رجه‌م شه‌قامه‌كان نوێبكرێنه‌وه‌.


PM:04:07:12/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 285 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌