له‌ سلێمانی بەھۆی کەوتنەوەی ئاگرەوە، بڕێکی زۆری پوش و پاوان سووتا

ئه‌مڕۆ سێشەممە لە شاخێکی نزیک شارۆچکەی عەربەت رۆژھەڵاتی سلێمانی، بە ھۆی کەوتنەوەی ئاگرەوە، بڕێکی زۆری پوش و پاوانی ناوچەکە سووتا و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و پۆلیسی دارستان لە ھەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدان.

سەرەڕای ھەڵ و رێوشوێنەکانی لایەنە بەرپرسەکانی ئیدارەی پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی کە لە مانگی ئایاری رابردووەوە ھەوڵەکانیان بۆ رێگریکردن لە ئاگرکەوتنەوە و سووتانی پوش و پاوان دەستپێکردووە، بەڵام لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و ھاتنی وەرزی ھاویندا، کەوتنەوەی ئاگر و سووتانی پوش و پاوان زیاتر دەبێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، دوو رۆژ لەمەوبەر و بە ھۆی ئاگرێکی گەورە لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، نزیکەی ٨٠ دۆنم زەوی پوش و پاوان سووتاوە.

بە ھۆی زۆری باران بارینی ئەمساڵ و بەردەوامبوونی باران بارین تا مانگی ئایاری رابردوو لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان، ئاستی گژوگیا و پوش و پاوان بە بەراورد بە ساڵانی پێشتر زیاترە و مەترسی کەوتنەوەی ئاگر لەو ناوچانەدا زۆرترە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بۆ ئەو مەبەستە داوا لە ھاووڵاتییان دەکات لە کاتی سەردانیان بۆ دەرەوە بەتایبەت ئەو ناوچانەی دەغڵ و دان و پوش و پاوانی تیادایە زیاتر بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن و نەبنە ھۆکاری کەوتنەوەی ئاگر لەو ناوچانەدا.


PM:09:18:11/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 99 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌