عێراق بە قەرز مانگی دەستکرد ڕەوانەی ئاسمان دەکات

وەزارەتی گەیاندنی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بە پاڵپشتی حکومەتی فەڕەنسا پڕۆژەی مانگی دەستکرد و ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی عێراق تەواو دەکەن.

ئەمیر بەیاتی، بریکاری وەزارەتی گەیاندنی عێراق بۆ کاروباری هونەریی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فەڕەنسا پڕۆژەی مانگی دەستکرد و ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی عێراق تەواو دەکەن و کۆمپانیای ئێرباسی ئەو وڵاتەش پاڵپشتی تەواو دەکات لە تەواوکردنی پڕۆژەکەدا.

ڕاشیگەیاند، قەرزێکی تایبەتیان لە فەڕەنسا وەرگرتوە، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی مانگی دەستکرد کە ماوەیەکی زۆرە  کاروبارەکانی راگیراوە، لەگەڵ ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەی ئاسایشی و بۆ ئەوەش پشت بە کۆمپانیا راوێژکارییەکانی ئەو وڵاتە دەبەسترێت.

ئاشکراشی کردووە، مانگی دەستکردی عێراق لە بوارەکانی ئاسایش و ئابوری و کشتوکاڵ و ژینگە و پیشەسازی و سەربازییدا بەکاردەهێنرێت، بۆ ئەوەش هەماهەنگی هونەری و بازرگانی لەگەڵ کۆمپانیای ئێرباس کراوە بۆ راهێنانی کارمەندان و شارەزایانی عێراقی بۆ ماوەی یەک ساڵ.



PM:03:01:14/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 293 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌