بانكی ناوەندی هۆشداری دا لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەی كاری ئاڵوگۆڕی ئەلیكترۆنی ده‌كه‌ن

ئەمڕۆ دووشەممه‌ چواری شوبات/ فێبرایەر، بانكی ناوەندی عێراقی هۆشداری دا لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەی كاری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و كڕین و فرۆشتنی دراو و زێڕ دەكەن بەشێوەی ئەلیكترۆنی.

لە بەیاننامەیەكدا بانكی ناوەندی ئاماژە بەوە دەدات كە ماوەیەكە كۆمەڵێك كۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو و زێر لە بەغدا و عێراق بڵاو بوونەتەوە و كاری كڕین و فرۆشتنی ئەلیكترۆنی دەكەن. هێما بۆ ئەوەش دەكات كە ئەو كۆمپانیایانە لە بانكی ناوەندی خۆیان تۆمار نەكردووە و هۆشداری دەداتە وەبەرهێنەران لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانە و دەڵێ، ئەو كۆمپانیایانە لە دەرەوەی چاودێری كار دەكەن.

بانكی ناوەندی وتی، "تا ئێستە هیچ یەكێك لەو كۆمپانیایانە بە فەرمی رێی كاركردنی پێ نەدراوە و داوای مۆڵەتیان نەكردووە، جگە لەمەش هیچ چوارچێوەیەكی یاسایی نییە بۆ رێكخستنی كاری ئەو كۆمپانیایانە، بۆیە بە وەبەرهێنەران دەڵێین وریا بن لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانە".

لە عێراق هیچ یاسایەك نییە مامەڵەی ئەلیكترۆنی رێك بخات، لە ماوەی رابردوودا لیژنەیەك لە بانكی ناوەندی و لایەنە پێوەندارەكان پێكهێنراوە بۆ رێكخستنی بازرگانی ئەلیكترۆنی و تۆماركردنی كۆمپانیاكان و مامەڵەكردن لەگەڵیاندا، ئەمە لە كاتێكدایە بەشی هەرە زۆری بازرگانی نێودەوڵەتی لە رێی ئینتەرنێت و مامەڵەی ئەلیكترۆنی دەكرێت و لە چەند ساڵی رابردوودا دەیان كۆمپانیا لە عێراق و هەرێمی كوردستان، لە رێی ئەلیكترۆنییە مامەڵەی بازرگانی دەكەن.


PM:03:30:04/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 271 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌