دروستکردنی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون بۆ ١٥٠٠ خێزانی کەمدەرامەتی سلێمانی دەستپێدەکاتەوە


دروستکردنی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون لە سنووری شاری سلێمانی دەست پێ‌ دەكاتەوە، ئەوەش دوای دیاریكردنی بڕێك پارە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 14ـی ئاب، بەرهەم سەردار سكرتێری كۆمەڵەی داكۆكی لە مافی كرێنشینانی سلێمانی لە كۆنگرەیەگی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تەواوكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیان و پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون دەست پێ دەكاتەوە لەسەر بنەمای ئەو پارەی دیاری كراوە، بۆیە ئێمە دەتوانین بۆ ماوەی دوو بۆ سێ‌ مانگ بەردەوام بین لە كارەكانمان.

سكرتێری كۆمەڵی كرێنشینان وتی، لەو یەكانەی تەواو كراون، تەنیا دەست بەتەواوكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیان دەكەینەوە، بۆیە ئەگەر حكوومەت بەردەوام بێت لە پێدانی پارەی پڕۆژەكە، ئەوا بە ماوەیەكی كورت سەرجەم یەكەكان تەواو دەبن.

بەرپرسی پڕۆژەكەیش لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا رایگەیاند، پڕۆژەكە دەستی پێ‌ كردووەتەوە نزیكەی هەزار و 500 خێزان ناوەكانیان یەكلا كراونەتەوە و سەرجەمیشیان كەمدەرامەتی شاری سلێمانین، یەكەكانیش بەوان دەدرێت، بۆیە كارەكان ئێستە خێرا كراون.

دوای تەنگژەی دارایی هەرێمی كوردستان بەشی زۆری پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و یەكەكانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی كوردستان وەستاون، بەڵام بە بڕیارێك لە كۆتایی مانگی ڕابردوو دەست كراوە بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان.


PM:01:14:14/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 521 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌