ئه‌مڕۆ 12/10 به‌ئاماده‌بوونی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌ك له وه‌زیر و پارله‌مانتاران و ژماریه‌كی زۆری بازرگانان و سه‌رمایه‌دارانی بیانی و ناخۆیی و نوێنه‌ری دبلۆماسی بازرگانی وڵاتان له هه‌رێمی كوردستان و نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێر، پێنجه‌مین پێشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر كرایه‌وه.
سه‌ره‌تای ئه‌م پیشانگه‌یه به وتارخوێندنه‌وه ده‌ستیپێكرد، له وتاره‌كانی سه‌رپه‌رشتیارو ئاماده‌كاری پیشانگاكه‌دا، ئاماژه به چۆنیه‌تی ئاماده‌كردنی پیشانگاكه‌و ژماره‌و جۆری به‌شداری كۆمپانیاكان له پیشانگاكه‌دا كرا.
دواتر نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له وتارێكدا دوای خۆشحاڵی ده‌ڕبرین بۆ ئه‌م كاره به‌بایه‌خه‌وه باسی پێویستی و كردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره پیشانگه‌یانه‌ی كرد و وتی: به‌هۆی به‌رده‌وامی كاره‌كانی حكومه‌ت و به‌شداری هاووڵاتیان ئه‌مڕۆ خاوه‌ن ئابوریه‌كی گه‌ش و كۆمه‌ڵێكی پێشكه‌تووین، ئێمه ئه‌م كاره‌مان كرد بۆ په‌ره‌پێدانی ئابوری و پێشخستنی كۆمه‌ڵ و دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار‌و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری باشتر بۆ هاووڵاتیان، بۆیه كردنه‌وه‌ی پێنجه‌مین پیشانگه شتێكی ئاساییه، به‌ڵام به‌شداریكردنی 750 كۆمپانیا له 29 وڵاتی جیاوه كه له‌وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌وروپا و ئه‌مریكا و وڵاتانی دیكه‌وه هاتوون، ده‌سكه‌وتی گه‌وره و خاڵی وه‌چه‌رخانه بۆ ناساندنی هه‌رێمی كوردستانی عیراق وه‌ك هه‌رێمێكی گه‌شه‌سه‌ندوو له رووی ئابوریه‌وه، هه‌روه‌ك ببێته ده‌روازه‌یه‌ك بۆ هه‌موو عیراق، وتیشی كردنه‌وه‌ی ئه‌و پیشانگه‌یه كارێكی ئاسان نییه، به‌ڵكو پێویستی به‌كاری هاوبه‌شه بۆیه سوپاسیان ده‌كه‌م.
له كۆتایی وتاره‌كه‌شیدا نێچیرڤان بارزانی باسی له هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم كرد بۆ راكێشانی سه‌رمایه‌داران ئه‌وه‌ش به‌ده‌ركردنی یاسای وه‌به‌رهێنان و دامه‌زراندنی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری له كوردستان.
له پێنجه‌مین پێشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر كه 750 كۆمپانیا له 29 وڵاته‌وه به‌شداریان تیادا كردوه، له هه‌مانكاتدا كۆمپانیا خۆماڵییه‌كان و وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی عیراق به‌شداری پیشانگه‌كه‌یان كردوه‌و كاڵاكانیان نمایش كردوه.
له‌و پیشانگه‌یدا كه تا 15ی مانگ ده‌رگای به‌ڕووی بازرگانان و سه‌رمایه‌داران و كۆمپانیا ناوخۆییه‌كان واڵا ده‌بێت بواره‌كانی (ئه‌ندازیاری، ئامێر و مه‌كینه‌ی كاره‌بایی، بونیادنان، بانك، كه‌لوپه‌لی ناوماڵ، ئه‌لیكترۆنی، ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری، خزمه‌تگوزاری و پۆسته، كشتوكاڵ، سه‌رچاوه سروشتیه‌كان، هۆیه‌كانی راگه‌یاندن و په‌خش و بڵاوكردنه‌وه، ئۆتۆمبێل و خزمه‌تگوزاری ناوماڵ و گشتی و چه‌ندینی بواری دیكه)ی له خۆگرتوه.
وه‌ك لێپرسراوانی پیشانگه‌كه ئاماژیان بۆ دا، پێنجه‌مین پێشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر به‌به‌راورد به پیشانگه‌ی ساڵی رابردوو جیاوازی زۆری هه‌یه و له رووی ژماره‌ی به‌شداری كۆمپانیاكان به‌ڕێژه‌ی 60% زیادی كردوه به‌و هۆیه‌شه‌وه رابه‌ری پیشانگه‌كه له 10 هه‌زار مه‌تر دووجاوه كرا به 16 هه‌زار مه‌تر دووجا، ژماره‌یه‌ك له وڵاتانی دنیاش به‌شێویه‌كی ره‌سمی به‌شداری پیشانگه‌كه‌یان كردوه و به‌رهه‌می كۆمپانیاكانیان نمایش كردوه.